سەردێڕ:

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیاری ئەمریکا بۆ ئاگربەست لە غەززە پەسەند دەکات

PM:11:13:10/06/2024

2144 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشنیارێک بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە سێ قۆناغ و گواستنەوەی بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی کرا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەشنووسی ئەو یاسایەی پەسەندکرد کە پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمریکای لەخۆگرتبوو.


ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی رەشنووسی یاسایەک بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ئەنجامدا.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندکردنی رەشنووسە یاساکە بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

ئەوەش خراوەتە روو، رەشنووسەیاساکە لەلایەن ئەمریکاوە خرایە روو بۆ پێکهێنانی ئاگربەست کە پێشنیارەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەخۆ دەگرێت بۆ پێکهێنانی ئاگربەست بە سێ قۆناغ.

باس لەوەش کراوە، بەپێی رەشنووسە یاساکە داوا لە ئیسڕائیل و حەماس دەکرێت رێکبکەون لەسەر ئەو پێشنیارەی لەلایەن جۆ بایدنەوە خراوەتە روو بۆ پێکهێنانی ئاگر بەست بەبێ هیچ مەرج و دواکەوتنێک.

لە کۆتایی مانگی ئایاردا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشنیارێکی ئاشکرا کرد بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە بە سێ قۆناغ کە هەر قۆناغ و ماوەی ٤٠ رۆژ دەخایەنێت و هەوڵدەدرێت لە ئاگربەستێکی کاتییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، بە گشتی لە هەرسێ قۆناغەکەدا تەواوی بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن و سوپای ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە و دووبارە دەست دەکرێتەوە بە نۆژەنکردنەوەی کەرتی غەززە.

لەوبارەیەوە، ئەمریکا دەڵێت، ئیسڕائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێشنیارەکە و داواش لە حەماس دەکات "بە شێوەیەکی ئەرێنی" سەیری ئەو پێشنیازە بکات و رەزامەندی خۆی دەرببڕێت.













گەلەری