ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینانی عێراق دا و بڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ مووچەکانیان زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر زیادکردنی بڕی ١٥٠ هەزار دینار بۆ مووچەی خانەنشینان دا.
ئاماژە بەوەش کراوە، زیادکردنەکە تەنها ئەو خانەنشینانانە دەگرێتەوە کە
مووچەکانیان لە ٧٠٠ هەزار دینار کەمترە هاوکات خانەنشینانی خزمەتگوزاری و خاوەن پێداویستی
تایبەتیش دەگرێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، خانەنشینانی عێراق بەردەوام مووچەکانیان بۆ زیاد دەکرێت
و مانگانە لە وادەی خۆشیدا لەپێش سەرجەم توێژەکانی دیکە مووچەکانیان وەردەگرن، بەپێچەوانەی
خانەنشینانی هەرێم نەک هەر مووچەکانیان بۆ زیاد ناکرێت بەڵکو سەرباری کەمی بڕی
مووچەکانیشیان، مانگانە لە وادەی خۆیدا وەری ناگرن و دەبێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک
لە نۆرەدا بوەستن تاوەکو مووچەکانیان وەر بگرن.
سەرەڕای ئەوەی بەغدا پارەی بۆ دابەشکردنی مووچەکانیان ناردووە تا ئێستاش،
بەشێك خانەنشینانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە و ماوەی دوو رۆژە دەچنە
بەردەم بانکەکان و بە بیانووی نەبوونی پارە مووچەیان پێنادرێت.