سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان: ئیسڕائیل پلانی بۆ دابەشکردنی کەرتی غەززە داڕشتووە

PM:11:16:05/06/2024

2776 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هەوڵەکانى ئاشتەواییدا بۆ کوژانەوەى ئاگرى شەڕى غەزە، پلانێکى ئیسرائیل لە میدیاکانى جیهانەوە بڵاو کرایەوە، کە کەرتى غەززە دابەش دەکات بۆ دوو بەش، بەشێکیان ئەوانەن کە لایەنگرى حەماسن، ئەوەى تریش کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوونە بۆ ئەوانەى دژ بە شەڕ و توندوتیژین.


میدیاکانی ئیسڕائیل باس لەوە دەکەن، دانانی پلانێک بۆ دواڕۆژی کەرتی غەززە ئامادە کراوە و لە رێگەیەوە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە خەڵکەکەی دژ بە سیاسەت و رەفتارەکانی گروپە چەکدارەکاننن جیا دەکرێنەوە.

حکومەتی ئیسڕائیل پلانی ئەوەشی دەبێت بە هاوکاریی حکومەتی خۆجێیی ئەو کۆمەڵگە و ناوچانە، ژیانی ئاسایی و کاروباری دانیشتوانەکەی رێک بخات و بۆ ئەو مەبەستەش سوپای ئیسڕائیل و چەند هێزێکی نێودەوڵەتیی پشتگیرییان بکات و بیانپارێزێت.

بەپێی پلانەکە، ناوچەی نەتساریم خاڵی جیاکەرەوە دەبێت لەنێوان ئەو ناوچەیەی ئیسڕائیل پشتگیری دەکات، لەگەڵ ئەو ناوچانەی خەڵکەکەی لایەنگری گروپە چەکدارییەکان دەکەن.

لە بەرامبەردا، پلانەکەی ئیسرائیل رووبەڕووی ئاڵنگاریی بووەتەوە و گومانیش هەیە لە سەرکەوتنی، چونکە گروپە چەکدارییەکان تا ئێستا بنکەی جەماوەرییان فراوانە و خاوەنی هێزن، هەروەها هاوکاریکردنی فەڵەستینییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلییەکان کارێکی ئاسان نابێت.

زۆرێک لە چاودێرانی دۆخەکە بە دووری نازانن کە رەنگە ئەو دابەشکارییە جوگرافییە بگۆڕدرێت بۆ دابەشکاریی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی دوو هەرێم، کە ئیسڕائیل مەبەستیەتی بێتە دی.

هەرچۆنێک بێت، حکومەتی تەلئەبیب پێداگریی دەکات لەسەر کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لە کەرتی غەززە لە چوارچێوەی ئەو جەنگەی بەرپای کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت تا لە دوای جەنگەکە دەسەڵاتی کەرتەکەی رادەست بکات.

لەو چوارچێوەیەدا، یواف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە کرد، سەرکەوتنیان لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان لە لایەک و توانای گۆڕینی دەسەڵاتیش لە کەرتی غەززە، دوو ئامانجی گرنگی جەنگەکەیانە.

لە لایەکی ترەوە، پلانەکەی ئیسڕائیل لە رووی کردارەوە ئەگەری جێبەجێکردنیشی هەیە، بە تایبەتی کە لە ئێستادا دەنگی ناڕەزایی هەیە لەنێو فەڵەستینییەکان دژ بە گروپە چەکدارییەکان و سیاستەکانیان، هەروەها پەرۆشی کۆتاییهێنانن بە جەنگەکە بە هەر نرخێک بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، ئیسڕائیل ئەو ئەزموونەی لە کەناری رۆژئاوا تاقی کردەوە، بەڵام شکستی هێنا، لە بەرامبەردا لە غەززە دۆخەکە جیاوازە و دانیشتوانەکەی لە سادەترین هۆکارەکانی ژیان بێبەش بوون و رۆژانەش قوربانی زۆر لە نێویاندا دەکەوێتەوە.













گەلەری