سەردێڕ:

ئیسرائیل: لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ هێزێکی نوێ بۆ حکومڕانی غەززە دادەنێین

PM:08:31:02/06/2024

2124 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، رازی نابن بە حکومکردنی حەماس لە کەرتی غەززە دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێویستە هێزێکی نوێ لە ناوچەکە دابنرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، ناوچەکانی کەرتی غەززە جیا دەکەنەوە و حەماس دووردەخەنەوە لەو ناوچانە و هێزێکی نوێ دەخەنە ئەو ناوچەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی دیکە.

ئاماژەی بەوەش کرد، رازی نابن بە حکومکردنی حەماس لە کەرتی غەززە لە هەر پڕۆسەیەکی کۆتاییهاتن بە شەڕ و ململانیکان.

لای خۆشیەوە، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی باسی لەوە کرد، ئەمریکا پێشبینی ئەوە دەکات بتوانن ئیسرائیل رازی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دوای ئەوەی حەماس رەزامەندی دەرببڕێت.

رۆژی ٣١ـی مانگی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل پێشنیارێکی خستووەتە روو بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە بە سێ قۆناغ، کە لە قۆناغی یەکەمدا ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و لە قۆناغی دووەمیشدا دیلەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن و سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە، هەروەها لە قۆناغی سێیەمدا دەست دەکرێت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٢ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری