ئاژانسی میهری ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ١٧ کەس وەک کاندید خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە لیستی کاندیدەکاندا زیاتر ئەو کەسانە دەبینرێت کە لە بەرەی پارێزگارانن، ، دیارترین کاندیدەکانیش، سەعید جەلیلی و مەحموود ئەحمەدی نەژاد و عەلی لاریجانی و عەلی رەزا زەکانین.
لەلایەکی دیکەوە، لەناو کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی ئێراندا، وەحید حەقانیان
ناوی دەهێنرێت، کە لەلایەن ئەمریکاوە سزای لەسەرە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی ٢٨ی حوزەیران چواردەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
کۆمار لە ئێران بەڕێوە بچێت، کە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، ئەوەش بەهۆی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی،
سەرۆک کۆماری پێشووی ئێرانەوە.
پاشنیوەڕۆی رۆژی ١٩ی ئایاری ئەمساڵ، هەواڵی دیارنەمانی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆماری
ئێران لەکاتی گەشتێکدا بڵاوکرایەوە پاش نزیکەی ١٠ کاتژمێر لە گەڕان بە دوایدا،
پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا
دۆزرایەوە.
دوابەدوای رووداوەکە ئەوە راگەیەنرا، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکە
کەوتووەتە خوارەوە، کە بۆ کردنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات
چووبوو و لە رێگای گەڕانەوەیاندا رووداوەکە روویدابوو.
رۆژی ٢٠ی ئایاری ئەمساڵ، میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، ئیبراهیم رەئیسی
سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی
هێلیکۆپتەرەکەیان، گیانیان لەدەستداوە.