بە هۆی ناڕوونی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە حەوت ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دووبارە دەکرێتەوە.
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە حەوت شارۆچکە و شارەدێی باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ناوچانە بریتین لە شارۆچکەکانی جورنی رەشی سەربە
روحا، پنارباشی سەربە قەیسەری، گویزەلیورتی سەربە ئاکسارای، شارەدێکانی ساغڵکی سەربە
ئاکسارای، ئاکپازاری سەر بە دەرسیم، بویوککارشترانی سەربە کرکلارەلی و گوینەیکایای
سەربە سێواس.
پارتی دەم، کە لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ـی ئازار توانی شارەوانی جورنی رەش بباتەوە،
ئامانجی ئەوەیە لەم هەڵبژاردنەشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێتەوە.
لەم بارەیەشەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دەم سەردانی شارۆچکەکەی
کرد و لە پەیامێکدا بۆ جەماوەری پارتەکەی گوتی، بە دڵنیاییەوە دووی حوزەیران جارێکی
دیکە لە جورنی رەش سەرکەوتن بەدەست دەهێننەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣١ـی ئازاری ئەمساڵ
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو، تیایدا لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر ئۆپۆزسیۆن بە رێژەی ١٠٪ بۆ ٣٠٪ لەپێش دەسەڵاتەوە
بوو، لە ئامەد و وان و ماردین و دێرسیم و نۆ شاری گەورەی باکوری کوردستانیش، دەم پارتی
توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.