سەردێڕ:

بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسه‌ر کەمپى ئاوارەکان لە ره‌فه‌ح ٤٥ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:05:52:27/05/2024

1572 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بۆردوومانکردنی کەمپێکی ئاوارەکان لە باکوری رۆژئاوای شاری رەفەح لە باشوری غەززە لەلایەن فڕۆکەکانى ئیسڕائیلەوە، زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی تریش برینداربوون، دەسەڵاتدارانى غەززەش دەڵێن، ژمارەیەکى زۆر ژن و منداڵ لە ناو ئەو کەسانەن کە گیانیان لەدەستداوە.


کەمپیێکی ئاوارە فەڵەستینییەکان لە نزیک بارەگای ئاژانسی ئۆنروا لە باکوری رۆژئاوای شاری رەفەح، بە ژمارەیەک موشەکی ئیسڕائیلی بۆردومانکرا.

ئەگەرچی کەمپی ئاوارەکان بە ناوچەیەکی ئارام هەژماردەکرێن و ئەوانە لە خۆدەگرێت کە لە ئاگری جەنگ هەڵاتوون، بەڵام فڕۆکەکەکانی ئیسڕائیل هێرشێکی توندیان کردە سەر یەکێک لەو کەمپانە کە ١٠٠ هەزار ئاوارە روویان تێکردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی تریش برینداربوون.

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت، ئەو پێگەیەی بە هەشت موشەک بۆردوومانیان کرد، گروپێک لە چەکدارە فەڵەستینییەکانی لێبووە و چەند بەرپرسێکیان لێ کوشتوون، دەشڵێت گورزە ئاسمانییەکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی و لەسەر بناغەی زانیاریی هەواڵگرى ئەنجامدراوە.

بەڵام لایەنی فەڵەستینی دەڵێت ئەو کەمپە تەنیا چادرگەی ئاوارە فەڵەستینییەکانی لەخۆگرتووە و ئەوەی ئیسڕائیل بە مەبەست کردی دژ بە سەرجەم بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لای خۆیەوە، جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا هێرشەکەی ئیسڕائیلی ئیدانە کرد و داوای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتیی لە تەلئەبیب کرد.

لە لایەکی ترەوە و وێڕای هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە و دەستپێکردنی دانوستان بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر و ئەمریکا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و زیندانییەکان، بەڵام هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

لەڕووی مرۆییشەوە، ئیسڕائیل رێگەیدا بە گەیاندنی نزیکەی ٢٠٠ بارهەڵگر لە خۆراک و دەرمان بۆ ناو کەرتی غەززە لەڕێگەی خاڵی سنوریی کەریم شالۆمەوە، ئەوەش دوای رێککەوتنێکی نێوان هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و میسر دێت بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی کاتیی لەو خاڵە سنورییەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی ئەم مانگە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئیسڕائیلی پابەند کرد بە راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر شاری رەفەح، لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی رەفەح بۆ گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان و رێگەدان بە لیژنەکانی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان.

ھەروەھا دادگاکە داوای لە ئیسرائیل کردووە لە ماوەی یەک مانگدا، راپۆرتی خۆی لەبارەی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە پێشکەش بکات.

لە ٧ ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، بەهۆی بەردەوامی جەنگی حەماس و ئیسرائیل، نزیکەی ٣٦ هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسیش بریندار بوون، لە بەرامبەریشدا ٢٨٨ سەربازیی ئیسڕائیلی بە دەستی گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان کوژراون.













گەلەری