سەردێڕ:

حەماس هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر ئیسڕائیل ئەنجامدا

PM:09:45:26/05/2024

2984 جار خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجار دوای چوار مانگ، لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرشێکی گەورەی مووشەکی کرایە سەر شاری تەلئەبیب لە ئیسڕائیل و لەوبارەیەشەوە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، دەنگی ١٥ تەقینەوە لە تەلئەبیب بیستراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لیواکانی قەسام باڵی سەربازی حەماس رایگەیاند، لەبەرامبەر هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەڕێگەی مووشەکەوە هێرشێکی گەورەیان بۆسەر شاری تەلئەبیب لە ئیسڕائیل ئەنجامداوە.

هاوکات، میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویان کردەوە، لە کەرتی غەززەوە چەند مووشەکێک ئاڕاستەی تەلئەبیب کران و دەنگی ١٥ تەقینەوەی گەورە لەو شارە بیسترا.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێرشە مووشەکییەکانی حەماس بۆسەر ئیسڕائیل بریندار و زیانی ماددی لێ کەتووەتەوە.

سوپای ئیسڕائیلیش بڵاوی کردەوە، مووشەکەکان لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززەوە ئاڕاستەی تەلئەبیب کراون و زۆربەی مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە تێکشکێنراون.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی ٣٦هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٠ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش دیکەش بریندار بوون.













گەلەری