وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل پێنج کۆمەڵکوژییان لە کەرتی غەززە ئەنجام داوە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٣٥ هەزار و ٩٠٣ کەس.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەپێی دوایین ئامارەکان بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە تا ئێستا ٣٥ هەزار و ٩٠٣ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان،
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بەردەوامی جەنگەکەوە برینداربوون بۆ ٨٠ هەزار و ٤٢٠ کەس
بەرزبووەتەوە.
باس لەوەش کراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە
ئەنجامی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل ٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣٠ کەسیش
بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتە روو، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی
قوربانییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و دەرنەهێندراونەتەوە.
پێشتریش، نوسینگەی میدیای حکومەتی فەڵەستین لە غەززە
رایگەیاند، لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە تا
ئێستا، ١٨٩ باڵەخانەی حکومی، ١٠٨ قوتابخانە
و زانکۆ و ٦٠٤ مزگەوت بە تەواوی ڕووخاون، جگە لەوەی کە ٣١٣ قوتابخانە و زانکۆی دیکە
و ٢٠٠ مزگەوت بەشێکیان رووخاوە.
هاوکات، دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشی سەربازیی
رەفەح بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانن و دەبێت ئیسڕائیل سەرجەم هێرشەکانی لە ناوچەی
رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە رابگرێت و دەروازەی رەفەح بەڕووی گەیشتنی هاوکارییە
مرۆییەکان بکاتەوە.
لەو بارەیەوەشەوە، چەندین بەرپرسی باڵای ئیسڕائیل رایانگەیاند،
ئیسڕائیل بە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی رازی نابێت و بەردەوام دەبێت لە هێرشەکان
بۆ سەر رەفەح تاوەکو بەتەواوی حەماس لەناو دەبەن.