سەردێڕ:

دادگای دادی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح رابگرێت

دادگای دادی نێودەوڵەتی
PM:07:16:24/05/2024

1904 جار خوێندراوەتەوە

دادگای دادی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئیسڕائیل کرد هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە رابگرێت و دەروازەی رەفەح بەڕووی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بکاتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، نەواف سەلام سەرۆکی دادگای دادی نێودەوڵەتی رایگەیاند، رەوشی ژیانی خەڵکی غەززە تادێت بەرەو خراپتر دەچێت و دۆخی مرۆیی بووەتە کارەساتبار و لە ئێستادا نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس ئاوارەی رەفەحن.

ئاماژەی بەوەش کرد، دادگا هێرشی سەربازیی رەفەح بە پێشهاتێکی مەترسیدار دەزانێت و دەبێت ئیسڕائیل سەرجەم هێرشەکانی لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە رابگرێت و دەروازەی رەفەح بەڕووی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بکاتەوە.

ئەوەشی خستە روو، ئەوەی ئیسڕائیل لە غەززە دەیکات ئەنجامدانی جینۆسایدە و سەرجەم مەرجەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ لە دۆسیەی تۆمەتبارکردنی ئیسڕائیل بە جینۆساید جێبەجێ کراون.

لەو بارەیەوەشەوە، چەندین بەرپرسی باڵای ئیسڕائیل رایانگەیاند، ئیسڕائیل بە بڕیارەکەی دادگای دادی نێودەوڵەتی رازی نابێت و بەردەوام دەبێت لە هێرشەکان بۆ سەر رەفەح تاوەکو بەتەواوی حەماس لەناو دەبەن.

لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی دادگای دادی نێودەوڵەتی، ئەفریقای باشوور داوای لە دادگاکە کرد کە فەرمان بکات بە راگرتنی هێرش بۆ سەر کەرتی غەززە و بە تایبەتی بۆ سەر رەفەح، بە مەبەستی دڵنیابوون لە پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حەماس درێژەی هەیە تا ئەمڕۆ کە بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون.













گەلەری