سەردێڕ:

ئیبراهیم رەئیسی کێ بوو؟

PM:01:03:20/05/2024

34120 جار خوێندراوەتەوە

ئیبراهیم رەئیس ساداتی ناسراو بە ئیبراهیم رەئیسی، ئەو سەرۆککۆمارەی ئێران کە دوێنێ لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گیانی لەدەستدا.


ئیبراهیم رەئیسی سیاسەتمەدارێکی باڵی توندی پارێزگاران بوو کە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ژمارەیەک پۆستی گرنگ خرابووە ئەستۆی، هەروەها لەلایەن عەلی خامینەیی ڕابەری ئێرانەوە پشتگیریی بەهێزی لێدەکرا.

رەئیسی لە ١٤ـی كانونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە شاری مەشهەد لەدایكبووە و یەكێك بوو لە سەركردە سیاسییەكانی ئێران و هەشتەم سەرۆک كۆماری ئێران بوو.

رەئیسی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لە شاری مەشهەد بووە، دواتر بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتییدا بەدەستهێناوە و دکتۆراکەشی لەژێر ناونیشانی "فیقهـ و پرەنسیپەکانی مافە تایبەتییەکان" بووە.

رەئیسی خێزاندار بووە و هاوسەرەکەی مامۆستای زانکۆیە، خاوەنی دوو کچ و دوو نەوە بوون.

رەئیسی لە ساڵی ١٩٨٠دا پۆستی داواکاری گشتی لە شاری کەرەج لە رۆژئاوای تاران وەرگرتووە، ساڵی ١٩٨٥ بووەتە جێگری داواكاری گشتیی تارانی پایتەخت. ساڵی ١٩٨٨ خومەینی رایسپارد بۆ چارەسەرکردنی کێشە دادوەرییەکان لە شارەکانی لوڕستان و کرماشان و سمنان.

لە ساڵی ١٩٨٩ بووەتە داواكاری گشتیی شۆڕشی ئیسلامیی لە تاران تاوەکو ساڵی ١٩٩٤ لەو پۆستەدا ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە پۆستی بەرپرسی بەشی پشکنینی گشتی لە ئێران وەرگرتووە و تا ساڵی ٢٠٠٤ ماوەتەوە ساڵی ٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠١٤ لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە كراوەتە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران .لە ساڵی ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠١٦ پۆستی داواکاری گشتیی ئێرانی وەرگرتووە.

لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی ٢٠١٧دا خۆی کاندید كرد، بەڵام نەیتوانی پێش حەسەن رۆحانی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران بکەوێت.

ساڵی ٢٠١٨ خامنەیی لە بری عەلی لاریجانی پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پێبەخشی، کە وێڕای کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکان دەستبەرداری ئەو پۆستەی نەبوو.

لە ساڵی ٢٠٢١دا جارێكی دیكە خۆی كاندید كردەوە و توانی رێژەی نزیکەی ٪٦٠ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و ببێتە هەشتەم سەرۆك كۆماری ئێران .













گەلەری