میدیای فەرمی ئێران بڵاوی کردەوە، سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و سەرجەم سەرنشینانی ئەو هێلیکۆپتەرەی دوێنێ یەکشەممە بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا کەوتە خوارەوە، گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی میهری ئێران بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان وەزیری دەرەوە و شاندێکی یاوەریان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا لە ئەنجامی نالەباری کەشوهەوا گیانیان لەدەستداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، میدیاکانی
ئێران بڵاویان کردەوە، هەریەکە
لە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان وەزیری دەرەوەی ئێران
لەگەڵ محەمەد عەلی ئالهاشم نوێنەری رێبەری ئێران لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات
و مالیک رەحمەتی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵات بەشدارییان کرد لە کرنەوەی بەنداوێک
لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات لە سنووری نێوان ئێران و ئازەربایجان.
ئاماژە بەوەش کرا، لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە و گەڕانەوەی
بەرپرسانی ئێران بە سێ هێلیکۆپتەر، لەرێگای گەڕانەوەدا یەکێک لەو هێلیکۆپتەرانەی کە
ئیبراهیم رەئیسی و حوسێن ئەمیرعەبدولهەیان و شاندی یاوەریان لەگەڵ بوو بەهۆی نالەباری
دۆخی کەشوهەواوە دیار نەما و پەیوەندی لەگەڵیاندا پچڕا.
باس لەوەش کرا، بەهۆی هەستیاری دۆخی کەشوهەوا لەو ناوچەیەی
رووداوەکەی تێدا روویدا و لەپێناو خێراکردنی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکەدا،
تیمەکانی فریاگوزارییان بۆ ٦٥ تیم زیاد کرا.
ئیبراهیم رەئیس ساداتی ناسراو بە ئیبراهیم رەئیسی لە ١٤ـی
كانونی یەكەمی ساڵی ١٩٦٠ لە شاری مەشهەد لەدایكبووە و یەكێكە لە سەركردە سیاسییەكانی
ئێران و هەشتەمین سەرۆک كۆماری ئێرانە كە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە بە هەڵبژاردن ئەو پۆستەی
وەرگرتووە .