سەردێڕ:

لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا لە لوبنان سەرکردەیەکی حەماس گیانی لەدەستدا

PM:10:45:17/05/2024

3312 جار خوێندراوەتەوە

بەرگری شارستانی لوبنان رایگەیاند، لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسڕائیلەوە لە سنووری پارێزگای بقاع ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج و تێیدا کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. لەوبارەیەشەوە، گروپی چەکداری حەماس بڵاوی کردەوە، ئەو کەسەی لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیلدا گیانی لەدەستدا سەرکردەیەکی لیواکانی عزەدین قەسام باڵی سەربازی حەماس بووە.


ئەمڕۆ هەینی، بەرگری شارستانی لوبنان رایگەیاند، لە گوندی عەنجەر لە پارێزگای بقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسڕائیلەوە ئۆتۆمبێلێک کرایە ئامانج.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆتۆمبێلەکە چوار کەسی تێدا بوو و لە ئەنجامدا کەسێکیان گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

لای خۆشیەوە، حەماس بڵاوی کردەوە، ئەو کەسەی لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسڕائیل لە لوبنان گیانی لەدەستدا سەرکردەیەکە لە لیواکانی عزەدین قەسام باڵی سەربازی حەماس.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ لە لوبنانەوە نزیکەی ٧٥ مووشەک ئاراستەی ئیسڕائیل کران و لەوبارەیەشەوە، ئەڤێجای ئەدرێی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسڕائیل توانیویەتی رێگری لە دەیان مووشەک بکات.

دەستەی پەخشی ئیسڕائیلیش باسی لەوە کرد، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆوە بۆ سەر ئیسرائیل دوو کەس بریندار بوون.

هەروەها ئەمڕۆ، ئەبو عوبەیدە وتەبێژی حەماس رایگەیاند، سوپای ئیسڕائیل لە هەر هێرشێکدا دەیان سەربازی گیان لەدەستدەدات و بریندار دەبن، بەڵام ئیسڕائیل بەشێکی کەمی زیانەکانی ئاشکرا دەکات.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر ٣٥ هەزار و ٢٧٢ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٩ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش دیکەش بریندار بوون. 













گەلەری