AM:10:23:15/05/2024
37260 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەڕوانی ناردنی پارەی دیکەن لە بەغداوە، تا دەست بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت کرا، چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی پارەی دیکە لە بەغداوە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتەکانی دیکەش دەکەن.
ئەوەشی خستە روو، پێشبینی دەکەن ئەمڕۆ بە چەند گوژمەیەکی دیکە بەغدا پارە
بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم.
شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند،
لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە سێ گوژمە ١٦٨ ملیار دیناریان بۆ نێردراوە و دەست بە دابەشکردنی
مووچەی ئەو شوێنانە دەکەن کە لەلایەن بەغداوە پارەیان بۆ نێردراوە.
ئەمرۆ چوارشەممە،
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، لە بەشێک لە بانکەکانەی سلێمانی دەست کراوە
بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، کەسوکاری
شەهیدان و خاوەن پێداویستی تایبەت.