سەردێڕ:

سەرەڕای هۆشدارییەکان؛ ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح فراوان دەکات

PM:05:21:10/05/2024

1792 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە لەشکرکێشی بۆ سەر رەفەح، کابینەی ئیسرائیل فراوانکردنی هێرشەکانی لە شاری رەفەح لە بەشی باشووری کەرتی غەززە پەسەند کرد.


ئەمڕۆ هەینی، میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویان کردەوە، شەوی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی ئیسڕائیل پلانی فراوانکردنی ئەو ناوچانەی کە لە رەفەح هێرشیان تێدا ئەنجام دەدەن پەسەند کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، فراوانکردنی هێرشەکان بۆ سەر ئەو ناوچانە سنووردارە و لەو هێڵە تێناپەڕێت کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاوە دیاری کراوە.

سەبارەت بە ئاگربەست، میدیاکانی ئیسڕائیل باس لەوە دەکەن، لەلایەن حەماسەوە چەند رێنماییەک ئاڕاستەی ئیسڕائیل کراوە بەمەبەستی بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و پێکهێنانی ئاگربەست.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی بۆ رەفەح بەردەوامی پێدەدات کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی تێدایە، بەبیانووی ئەوەی رێژەیەکی زۆری چەکدارانی حەماس لەوێن.

لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسدا دەستی پێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە هەردوو لا کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.













گەلەری