سەردێڕ:

ئەمریکا ناردنی چەکی بۆ ئیسرائیل راگرت

AM:11:04:09/05/2024

4252 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بە بڕیاری جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، ناردنی چەکیان بۆ ئیسرائیل راگرتووە. بایدنیش رایگەیاند، "ئەو چەکانەی ناردوویانە بۆ ئیسرائیل خەڵکی سڤیلی پێ کوژراوە".


لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان پێشتر بە ئیسرائیلیان راگەیاندووە، لەکاتی هێرشکردنە سەر رەفەح نابێت کەسانی سڤیل بە ئامانج بگیرێن، بەڵام دوای هەڵسەنگاندی دۆخەکە، بڕیاریانداوە بە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل.

باسی لەوەش کرد، بڕیاری راگرتنەکە تەنها بۆ یەک کاروانە و هیچ بڕیارێکی دیکە بۆ چەکەکانی دیکە نەدراوە، هاوکات ئەو کاروانەی کە راگیراوە هەزار و ٨٠٠ بۆمبی دوو هەزار پاوەندی و هەزار و ٧٠٠ بۆمبی ٥٠٠ پاوەندی تێدایە.

پێشتر جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوامبێت لە هێرشکردنە سەر رەفەح، ئەوا ناردنی چەک رادەگرن، وتیشی، ئەو چەکانەی لە ماوەی رابردوو ناردویانە خەڵکی سڤیلی پێ کوژراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هێرشەکانی بۆ رەفەح بەردەوامی پێدەدات کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی تێدایە، بەبیانووی ئەوەی رێژەیەکی زۆری چەکدارانی حەماس لەوێن.

لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسدا دەستی پێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە هەردوو لا کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.













گەلەری