وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، دژی هەر هێرشێکی ئیسرائیلن بۆ سەر ناوچەی رەفەح لە کەرتی غەززە، چونکە دەبێتە هۆی فراوانبوونی ململانێکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، کریستۆف لیمۆین یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، ئەنجامدانی هێرشی ئیسڕائیل بۆ سەر رەفەح دەبێتە هۆی فراوانبوونی ململانێکانی کەرتی غەززە.
ئەوەشی
خستە روو، پێویستە بەزووترین کات ئاگربەست پێکبهێنرێت و رێگە بە چوونە ژوورەوەی
هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە بدرێت.
لە دوو هەفتەی
رابردوودا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی لەسەر
وادەی چوونە ناوەوەی سوپا بۆ شاری رەفەح لە کەرتی غەززە رێککەوتوون و بەردەوام دەبن
لە هێرشەکانیان بۆ گێڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە،
لە ئیستادا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستین لە ناوچەی رەفحدا دەژین
و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتانی جیهان هۆشداری ئەوە دەدەن، هێرش کردن بۆ سەر
ناوچەی رەفح لەلایەن ئیسڕائیلەوە کارەساتی گەورە دەخولقێنێت.
لە ٧ــی
تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس سەری هەڵداوە،
بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، هاوکات
هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست چڕتر بووەتەوە.