سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێویستە تۆڵەسەندنەوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رابگیرێن

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس - ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
PM:06:38:19/04/2024

1300 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە تۆڵەسەندنەوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رابگیرێن. دەشڵێت، ئەگەر تۆڵەسەندنەوەکان بەردەوام بن، ململانێیەکی هەمەلایەنەی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدات.


ئەمڕۆ هەینی، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە تۆڵەسەندنەوەی نێوان وڵاتان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەستێنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر تۆڵەسەندنەوەکان بەردەوام بن، ململانێیەکی هەمەلایەنەی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدات.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو، چەند هێرشێک کرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئێران لە ئەسفەهان و تەقینەوەیەکیش لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە روویدا.

دوای هێرشەکان، رادیۆی فەرمی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند بنکەیەکی سەربازییان لە ئەسفەهانی ئێران کردووەتە ئامانج. وتیشی، "ئەو بنکانەی کراونەتە ئامانج لەوێوە هێرشەکانی هەفتەی رابردوو کراونەتە سەر ئیسرائیل".

ئەو هێرشانەی ئیسڕائیلیش لە دوای ئەوە دێت، یەکشەممەی رابردوو ١٤ـی نیسان، سوپای پاسدارانی ئێران وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا، بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتریش لە لوبنانەوە چەند موشەکێکی دیکە ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کران و سوپای ئیسرائیل خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.













گەلەری