سەردێڕ:

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دژی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاخ لە مەرزەکانەوە گردبوونەوە

PM:02:38:18/04/2024

852 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق و هەرێم، دژی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ لە مەرزەکانەوە گردبوونەوە. دەشڵێن، "بەهۆی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغەوە زیانێکی زۆرمان بەر کەوتووە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی عێراق و هەرێم گردبوونەوە و داوا دەکەن هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ لە مەرزەکانەوە رابگیرێت.

خاوەن کێڵگەکان باس لەوە دەکەن، بە پێی نوسراوی حکومەتی عێراق و حکومەتی کاربەڕێکەر هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ قەدەغەیە، بەڵام کار بەو نوسراوانە ناکرێت.

ئەوەشیان خستە روو، نزیکەی هەفتەیەکە هیچ خاوەن پڕۆژەیەک نەیتوانیوە هێلکە بفرۆشێت بەهۆی هێلکەی قاچاغەوە. دەشڵێن، "بەهۆی هێلکەی قاچاغەوە زەرەر و زیانێکی زۆرمان بەر کەوتووە".

هاوکات، چەند خاوەن کێڵگەیەک بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، لە مەرزەکانەوە بارێک هێلکەی قاچاغ بە چوار هەزار و ٥٠٠ دۆلار داخڵی هەرێم و عێراق دەکرێت و لەوێشەوە دەبرێتە بازاڕەکان.

وتیشیان، داوایان لە وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کردووە کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات و هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ قەدەغە بکات، بەڵام پێی وتون، "بە نوسراوی فەرمی هاوردەکردنی هێلکەی قاچاغ قەدەغە کراوە بەڵام کار بە بڕیارەکەی من ناکرێت".













گەلەری