سەردێڕ:

عێراق لەسەر هێرشەکەی ئەمریکا لە بەغدا هاتەدەنگ

AM:09:09:08/02/2024

13456 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، شەوی رابردوو لەلایەن چەند درۆنێکی ئەمریکاوە بۆردوومانی چەند ناوچەیەک کراوە کە ئەوەش جارێکی دیکە پێشێلکرای بووە بەرامبەر بە خاکی عێراق. دەشڵێت، "ئەوەی روویداوە لێکتێگەیشتنەکانمان لەگەڵ واشنتۆن بەرەو ئاڵۆزی دەبات."


ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەحسین خەفاجی، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەوهێرشەی شەوی رابردوو کاتژمێر ٩:٣٠خولەک لە ناوچەی مەشتەلیە ئەنجامدرا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانی لەدەستدا بەرپرسیارێتی تەواوی دەخەنە ئەستۆی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کاردانەوەیی ئەمریکا گرژی و ئاڵۆزیەکان بەرەو ناوچەکە پەلکێش دەکات کە ئەوەش دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە. وتیشی، "ئەمریکا جارێکی دیکە بەو هێرشەی ئەنجامیدا لێکتێگەشتنەکانی لەگەڵماندا ئاڵۆزترکرد وەک لەوەی فراوانتری بکات بۆ بەرژەوەندی جیاوازتر."

لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە هێرشەکان بۆسەر هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە. وتیشی، "نامانەوێت دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر ببێت، بەڵام هەر وڵامێک ئەمریکا لە ناوچەکە بیداتەوە لەپێناو سەلامەتی هێزەکانیدایە".

هاوکات شانەی ئەمنی عێراقیش رایگەیاند، لیژنەیەکی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی و هۆکاری رووداوەکە پێکدەهێندرێت و پێویستە ئەمریکاش روونکردنەوە بدات لەسەر ئەو بۆردوومانەی کە ئەنجامیداوە لە بەغدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی گروپێکی چەکداری لە ناوچەی مەشتەل لە بەغدا کرایە ئامانج و بەهۆیەوە سێ سەرکردەی ئەو گروپە چەکدارییە گیانیان لەدەستدا.













گەلەری