چاوگێک لە دارایی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت، دەشڵێت، هەوڵدەدەن هەفتەی داهاتووش مووچەی هەرێم بنێرن.
ئەمرۆ دووشەممە، ١٧ـی شوباتـی ٢٠٢٥، چاوگێک بە ئێن ئار تی راگەیاند، هەوڵدەدرێت پێش مانگی رەمەزان مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دابەشبکرێت، ناردنی مووچەی مانگی دووی هەرێمیش تەنها رێکاری کارگێڕی و ناردنی لیستی مووچەی ماوە.
ئەو چاوگەی دارایی عێراق ئاماژەی
بەوەکرد، هەوڵدەدەن هەفتەی داهاتووش مووچەی هەرێم بنێرن بە یەک چەردە کە بڕەکەی نزیکەی
٩٦٠ ملیار دینارە.
هاوکات، چاوگێک لە دارایی هەرێم دەلێت لیستی مووچە
بە پێی سیستمی پایڕۆڵ کاراکراوە و لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەن و دەبێت
تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لیستەکە ئامادەبکرێت، وتیشی لیستەکە لەسەر بنەمای هەمان لیستی
مووچەی مانگی یەکە و بە بێ کەم و زیاد هەمان مووچە دابەش دەکرێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ، وەزارەتی دارایی
عێراق داوای لە دارایی هەرێم کردووە، دەرخستەی مووچەی مانگی یەک و لیستی مووچەی
مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێم رادەستی بەغدا بکات، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە.