جوتیارانی سەرگەڕان
PM:02:18:19/02/2025
4168 جار خوێندراوەتەوە
بەختیار شاوەیس
+
-
بەیانیەکی زۆر
زوو لەسلێمانیەوە بەرەو کەرکوک بەرێ کەوتین، سەرمایەکی وشکی هەبوو ، کۆتا رۆژ و
ساتەکانی ساڵی ٢٠١٧ بوو، ئەو ساڵەی کە بۆ کورد بەگشتی و ناوچەکێشەلەسەرەکان بەتایبەتی
، شوم و پرلە رووداوی کتوپڕ و تراژیدی بوو چونکە لەدوای سیانزە ساڵ کورد لەوناوچانە
بەفعلی دەسەڵاتی لەدەست دا.
ئێمە ئەندامانی
هەرسێ فراکسیۆنی یەکێتیی ، گۆران ، کۆمەڵ بووین. ئەندامانی دوو فراکسیۆنەکەی تر کەپارتی
و یەکگرتوو بوون بەشدار نەبوون( وەک نیشانەی پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد تەنانەت لەسەر دۆسیەی ناوچە کێشەلەسەرەکان،
بەتایبەتی دەرهەق بە جوتیارانی سەرگەران و تایبەتتر لەو کاتە هەستیارەدا کەئاماژەم
بۆکرد)
لەوێنەکەوە :
کەلەکۆتایی سەردانەکەمان بۆ سەرگەران و لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکە وەک یادگار
وێنەکە ماوەتەوە کە دەردەکەوێ ئەوانەی کەبەشداربووین ئاڵا تاڵەبانی، حەمەسوور دووشیوانی،
ڕێبوار تەها، شوان داودی ، بێستون زەنگەنە و بەندە لەفراکسیۆنی یەکێتیی. کاوەمحمد،
محمود رەزا، ئەمین بەکر، مەسعود حەیدەر لەگۆڕان. ئەحمەدی حاجی رەشید لەکۆمەڵ بووین.
نزیکەی کاتژمێر
١٠ ی پێش نیوەرۆ گەشتینە گوندی پەلکانەی ناوچەی سەرگەران لەقەزای دوبز، دوو بۆ سێ رۆژێک پێشتر عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکە هەڵمەتێکی
هەرەشە و ترساندنی جوتیارانی کوردیان دەستپێکردبوو. دیارە لەنێوانیان جۆرێک لەگرژی
و پەلاماردان روویدابوو کەمەترسی هەڵایسانی شەری نەتەوەیی لێدەکرا. عەرەبە هاوردەکان
دۆخی لاوازی کوردیان لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەر قۆستبویەوە لەمەشدا پاڵپشتی سوپاو هەندێک
لەئەفسەرە قەومچیەکانیان بەهەل زانی و هەڵمەتی دەرکردنی جوتیارانی کوردیان دەستپێکرد
بوو. رۆشتنی ئێمە بەو ژمارە زۆرە کەیانزە ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووین، هەروەها
دیدتنی کاربەدەستانی پلەیەک لەسوپا و وەحدەی ئیداریی و دواجار بانگکردنیان و کۆبونەوە
لەمزگەوتی گوندەکە لەگەڵ سەرۆک عەشرەت و شێخە عەرەبەکانی ناوچەکە، دواتریش هەر لەوێ
لەرێگەی پەیوەندی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عیراق کە بریاری راگرتنی تێکرای کارە نایاسایی
و زیادەرۆکانیدا. هەموو ئەمانە بونە هۆکاری گەرانەوەی رۆحی مەعنەوی بۆ کوردانی
ناوچەکە و کپبوونەوەی کێشەکە بەشێوەیەکی کاتی. چونکە لەساڵانی داهاتوو چەند جارێک
و لەسەروەختی جیاواز و بەبیانووی جۆراوجۆر گرژی لەنێوان جوتیارانی سەرگەران و دەوروبەری
لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان دووبارە بوونەوە کەدواهەمینیان ئەوەی دوێنێی گوندی شەناغەیە.
لەسەرەتای
رووداوەکەی پەلەکانەوە بۆ شەناغە کەهەشت ساڵی بەسەردا تێپەریوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی
هەر ئاڵۆزی و گرژیەک لەوناوچانە کەسەرچاوەکەی دەستدرێژی عەرەبی نارەسەنە بۆ سەر کەرامەت
و ژیانی جوتیاری کورد و ئەمەش پاشماوەی سیاسەتی تەعریب و فاشیزمی رژێمی بەعسە دەرهەق
بەمرۆڤی کورد، کۆمەڵێک تێبینی گشتی هەیە و زاکیرەمان لەو چرکەساتانەدا ئەو جۆرە
شتانەی بیردەکەوێتەوە:
١- هەبوونی ناکۆکی سیاسی لەنێوان هێزە
سیاسیە کوردیەکان ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتیی. کەدەبوایە لەهەر شوێنێک ئەمە هەبێ
ئەوا لەو ناوچانە کوردایەتی زاڵ بکرایەتە سەر حیزبایەتی. لەیادمە ئەوکات ئەندامانی
پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رۆشتبوونە هەولێر و نەئەگەرانەوە کەرکوک بۆ ئەوەی
پارێزگارێکی کورد دەستبەکاربێت. ئێستایش هەمان تاس و حەمامەکەیە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک کراوە، ئەندامانی پارتی بەشدارنابن و هەردوو حیزبەکە دابەشی دووبەرەی
تێکەڵ لەعەرەب و تورکمان بوون.
٢- ناکۆکی نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی
عیراق تەنانەت لەو ناوچانە. ئەوکات ئێمە سەردانی پەلکانەمان کرد نوێنەرانی دوو
فراکسیۆنی کوردی ئامادە نەبوون و هەڵوێستان وەرگرتبوو. ئەوەی ئەمرۆ نوێنەرانی تێکرای
فراکسیۆنە کوردیەکان بەشدار بوون لەسەردانی گوندی شەناغەدا بەڵام شێوازی قسەکردن و
لێدوانەکان ناکۆکی تەواوی پێوە دیاربوو لەکۆتایشدا و لەبەردەم کامێراکان کاتێک لەسەر
راوەستان بۆ وێنەگرتن کێشەیان تێکەوت لەگەڵ جوتیارەکان ئیتر بەئاسانی سەری ناکۆکیەکە
هەڵدرایەوە.
٣- جوامێری و خۆراگری جوتیارانی کورد
لەوناوچانە کەلەگەڵ سەرهەڵدانی هەر گرژیەک بەردەوام وانەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی
خاک بەدۆست و دوژمن دەڵێنەوە. ئەم جۆرە لەجەسارەت و رۆحی فیداکاریەی جوتیاران هەموو
جارێک دووبارە دەبێتەوە. کەئەگەر ئەو مەردایەتیەی خودی خۆیان نەبوایە ئەوا زۆر دەمێک
بوو لەو شوێنانە هەڵکەنرابوون و بۆهەتا هەتایە مۆرکی کوردستانیبوون لەوێ سڕابویەوە.
٤-لەماوەی ئەو ساڵانەی رابردوودا، لەگەڵ
دەرکەوتنەوەی کێشەی و ئاڵۆزی لەو ناوچانە ، بەدەیان بەیاننامە لەلایەن ئەنواعی سەرۆک
و کاربەدەستی حیزبی و حکومی دەردەچن. دەیان هەرەشەی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و
چاوسوورکردنەوە لەبەرپرسی سەربازی و ئەمنی دەبینین. بەڵام هەر چەند رۆژێک دوای ئەوە
وەک ئەوەی وڵات شامی شەریف بێت، ئیتر کێشەکە
لەبیر دەچێتەوە و کەسیش هەر باسی ناکات.
٥- دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری
رووداوەکە ، کەئەمەیش هەر شتێکی رۆتینی دووبارەیە و دەکرێ ساڵێکی تر ئەمانە ببینینەوە.
ماوەتەوە
بڵێم: لەپەیوەندیدا بە کێشەی دووبارەبوەی جوتیارانی کورد لەناوچەی سەرگەڕان. ئەوەی
ئەمساڵ جیادەکاتەوە لەساڵانی پێشتر ئەوەیە کە ئێستا یاسای گەرانەوەی زەوی و زار کەتایبەتە
بەهەڵوەشانەوەی بریارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشی لەناوچووی بەعس لەپەرلەمانی
عیراق دەنگی لەسەر دراوەو ئەمرۆ بەفەرمی لەرۆژنامەی وەقائع دەرچوە. کەئومێد دەکەین
جێبەجێ بکرێت و بەم هەنگاوە کۆتایی بەستەم و چەوسانەوەی جوتیارانی کورد بهێنێت.