سەردێڕ:

بۆ سێیەم رۆژ؛ گردبوونەوەی هاوڵاتیانی گوندەكانی سنوری خەلەكان بەردەوامە

AM:09:30:04/01/2024

1320 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاری و خراپی رێگاوبان، دانیشتووانی چەند گوندێکی خەلەکان لە سنووری دوکان ماوەی سێ رۆژە گردبوونەتەوە. دەشڵێن، "ئەو رێگایە رێگای مەرگە و ١٢ ساڵە پێیان چاکنەکراوە، بۆیە بەردەوام دەبین لە گردبوونەوە تا کاتی جیبەجێکردنەوەی داواکارییەکانمان."


ماوەی سێ رۆژە گردبوونەوەی هاوڵاتیانی چەند گوندێکی سنووری خەلەکان، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و کارەبا و خراپی رێگاوبانەوە بەردەوامە.

هاوکات، نوێنەری دانیشتووانی گوندێکی خەلەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ گوندەکانیان نەکراوە و سەرەتاییترین مافیان بۆ دەستەبەر نەکراوە کە کارەبایە لە ئێستاشدا رۆژانە کەمتر لە پێنج کاتژمێر کارەبا هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر کارەبا دەفرۆشێتەوە بە عێراق و بۆ هەرێمیش بێباکانە دەڵێت، "ناتوانین کارەبای پێویست بەرهەم بهێنین" و ئامادەش نییە دابینی بکات بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.

باسی لەوەش کرد، رێگای سەرەکی ئیدارەی راپەرین – سلێمانی چەندین ساڵە جێی مەترسیە بۆسەر هاوڵاتیانی هەرێم و لە سنوری بێستانە بۆ دووکان رێگای مەرگە و ١٢ ساڵە بەناوی جۆراو جۆرەوە پارە دابین دەکرێت و بەڵام هیچ خزمەتێک ناکرێت. دەشڵێت، "تا کاتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان رێگاکە ناکەینەوە چونکە هەموو بارهەڵگرەکان بەو رێگا یەکسایدەدا هاتوچۆ دەکەن کە دەبنە هۆی چەندین رووداوی مەرگەسات."

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی رابردوودا جارێکی دیکە هاوڵاتیانی خەلەکان لەسەر رێگای دووکان – خەلەکان گردبوونەوە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر بێباکە بەرامبەریان و بەدەم داواکانیانەوە نەچووە.













گەلەری