رۆژنامەیەکی بەریتانی بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا لە پلانیدایە ئەو کۆچبەرانەی کە لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و میسر بە نایاسایی چوونەتە وڵاتەکەیەوە، راستەخۆ بنێرێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان .
ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە، حکومەتی بەریتانیا کار لەسەر ئەوە دەکات ئەو کۆچبەرانەی کە لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و میسڕەوە بە شێوەیەکی نایاسایی روویان لە وڵاتەکە کردووە، لەبری ئەوەی بیاننێرێتە رواندا، راستەوخۆ بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەریتانیا دەیەوێت هەرێمی کوردستان و تورکیا و میسڕ بخاتە لیستی وڵاتانی سەلامەتەوە، بەوپێیەش بەریتانیا دەتوانێت کۆچبەرە نایاساییەکان راستەوخۆ بنێرێتەوە وڵاتانی خۆیان.
ئەوەش خراوەتە روو، لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکە
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بڕیاردراوە لەمساڵدا بنێردرێن بۆ رواندا کەم دەبێتەوە.
هاوکات، بەپێی داتا فەرمییەکانی ئەنجوومەنی پەنابەران،
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئاب نزیکەی چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی لە
عێراق و تورکیا و میسرەوە روویان لە بەریتانیا کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو سویلا براڤەرمان،
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، هندستان و جۆرجیا خراونەتە لیستی وڵاتانی
"سەلامەت" و بەوپێیەش دەتوانرێت ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی لەو دوو وڵاتەوە
روو لە بەریتانیا دەکەن بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.