بەگوێرەی داتا جیهانییەکان بەهای بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٣ دۆلار و ٣٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەوەش بەراورد بە دوێنێ بەهاکەی زیاتر لە سێ دۆلار دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوکات بەهای بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکی لە بازاڕەکانی جیهاندا بە ٦٩ دۆلار و ٢١ سەنتە لە کاتێکدا دوێنێ بەهاکەی ٧٢ دۆلار و ٣٣ سەنتبووە و بەوەش نرخەکەی دابەزیوە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئەم
مانگە، سعودیە و عێراق پەیامێکی هاوبەشیان ئاڕاستەی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس
کرد و دوایان کردووە پابەند بن بە رێکەوتنی رێکخراوەکە لە خزمەتکردنی بەرژەوەندی
بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران لە پێناو پشتیوانیکردن لە گەشەکردنی ئابوری جیهانی.
لە رێکەوتی ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو
هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن
بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکرێتەوە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی تشرینی
دووەمەوە کاری پێدەکرێت.
پێشتریش هەریەک لە عێراق و
روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوەیت و عومان رایانگەیاند، بەشێوەیەکی
خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و راگرتنی
هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوودا بڕیاریاندا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کەم
بکەنەوە.
باسیان لەوەشکرد، ئەو
هەنگاوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوت دەگرنەبەر بە شێوەیەک
دژ نەیەتەوە لەگەڵ سیاسەتی پێشووی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.
بە گوێرەی ئاژانسی بلوومێرگ،
حکومەتى سعودییە نرخی نەوتی لە بودجەی ئەمساڵی دا بە ٨٠ دۆلار هەژمار کردووە و
ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری لە نرخی نەوتدا لەسەر ئاستی
جیهان.