وەزیری تەندروستی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، ٥٠ تۆن پێداویستی و دەرمانی پزیشکی رەوانەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی تورکیا دەکەن. لەکاتێکدا؛ دوێنێ کۆمپانیاکانی دەرمان رایانگەیاند، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیانەوە ناتوانن پێداویستی پزیشکی و دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و تەندروستی سلێمانی دابین بکەن.
ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ٥٠ تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی کە لە ٢٥٨ جۆری جیاواز پێکهاتووە، ئامادەیان کردووە و رەوانەی تورکیای دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوکارییە بۆ قوربانیانی بومەلەرزەکەی
مانگی شوباتە و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدایە کە پێشتر رایانگەیاندووە و توانراوە ئەو
بڕە کۆبکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، کوالێتی دەرمانەکان پێشکەوتووە و بە سەرجەم
فلتەرەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵدا تێپەڕیوە و پاشان رەوانەی تورکیا دەکرێت.
لەهەمان کاتدا، بەر لە دەرفەتدان بە رۆژنامەنووسان بۆ پرسیارکردن،
وەزیری تەندروستی مایکی راگەیاندنەکانی جێهێشت. ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ کۆمپانیاکانی
دەرمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایانگەیاند، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیانەوە
لەمەودوا ناتوانن پێداویستی پزیشکی و دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا و بەڕێوەبەرایەتی
گشتی تەندروستی سلێمانی دابین بکەن.
باسیان لەوەشکرد، پابەندی هەموو رێکارە یاسایی و داراییەکانن
و باجیان داوە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە شایستە داراییەکانیان بۆ سەرف نەکراوە و تەنها
بە ژمارەیەک خراوەتە سەر هەژمارێکی بانکی و ناتوانن بەکاری بهێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی هاوڵاتیان لە ناوچە جیاوازەکانی
هەرێمدا ناڕەزایەتی ئەوە دەردەبڕن، لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا دەرمانی پێویستیان پێنادرێت
و هەندێک جار دەرمانیان بۆ دەنووسرێت کە لە دەرەوەی نەخۆشخانە بیکڕن. باس لەوەشدەکەن،
دەرمانەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکاندا گرانن و لە توانای هەندێکیاندا نییە.