دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای تورکیە و تەنها لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بە بڕی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە.
دەستەی ئاماری تورکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، داهاتی هەناردەکانی تورکیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٢١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار واتە بە راورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢.١٪ بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ داهاتی
هەناردەکانی ئەو وڵاتە بریتییە لە ٣٠ ملیار و ٦٥٦ ملیۆن دۆلار واتە بەراورد بە هەمان
مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی ١٤٪ بەرزبووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە
مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ کۆماری عێراق لە ریزبەندی سێیەمی هاوردەکاری کاڵای
تورکی بووە و بە بڕی یەک ملیار و ٣٠٢ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و ئەمریکا
لە ریزبەندی دووەمە و بە بڕی یەک ملیار و ٤٤٧ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە
کردووە و لە ریزبەندی یەکەمیش وڵاتی ئەڵمانیا دێت و ئەویش بە بڕی یەک ملیار و ٨٥٩
ملیۆن دۆلار کاڵای ئەو وڵاتەی هاوردە کردووە.
باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی
١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە هەناردەکردنی کاڵای تورکی، وڵاتی ئەڵمانیا بە بڕی ١٩ ملیار
و ٣٣٩ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی هاوردە کردووە و لە دوای ئەویش ئەمریکا بە بڕی ١٥
ملیار و ٥٠٢ ملیۆن دۆلار کاڵای تورکی کڕیوە و عێراقیش بە بڕی ١٢ ملیار و ٦٠٢ ملیۆن
دۆلار کاڵای تورکی هاوردەکردووە.