ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، جیاوازی لە حوکمڕانی و دابەشکردنی نێوان پارێزگاکان دەکرێت و بە روونی دیارە کێشە و گرفت لە حوکمڕانی هەرێمدا هەیە. دەشڵێت، "هەرگیز پەیوەندییەکانی یەکێتی ناگاتە ئەو ئاستەی لە پارتی جیابینەوە".
محەمەد عوسمان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ناکۆکی یەکێتی لەگەڵ پارتی لە حوکمڕانی و دابەشکردنی دەسەڵات و پارێزگاکانە، لە بەرامبەردا یەکێتی لەگەڵ هەموو حزبەکانی دیکەی هەرێم رێکە و لەگەڵ ئەواندا بە هەماهەنگی هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی داوە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە دوای سەری ساڵ لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان یەکێتی و
پارتی دروستدەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی حوکمڕانی هەرێم و چارەسەری دۆخی
هاوڵاتییان و هەریەکە لە یەکێتی و پارتی درکیان بەوەکردووە کە بەبێ یەکتر ناتوانن
دەسەڵات بەڕێوەبەرن.
ئاماژەی بەوەشدا، نیگەرانن لە بەڕێوەچوونی حوکمڕانی هەرێم، چونکە لە حوکمڕانی
شارەکاندا جیاوازی دەکرێت بە تایبەت لە دابەشکردنی داهاتەکان، یەکێتی هەموو هەوڵێکی داوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی
لەگەڵ پارتی بەڵام گەیشتە ئەم دۆخە.
محەمەد عوسمان لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتیەوە ئەوەشی خستەڕوو،
"هەرگیز پەیوەندییەکانی یەکێتی ناگاتە ئەو ئاستەی لە پارتی جیابینەوە".
باسی لەوەشکرد، لە هەڵبژاردنەکانی
رابردوو ٣٠٪ی خەڵکی هەرێم بەشدارییان کرد ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە کێشە و گرفت
بوونی هەیە بۆیە لەسەر هەموو هێزەکان پێویستە پێکەوە حوکمڕانی هەرێم چارەسەربکەن،
نەک تەنها یەکێتی.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتیشی،کێشە و گرفتی یاسای هەڵبژاردن هۆکاری دۆخی خراپی حوکمڕانی هەرێمە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ میدیایەکی نزیک لە سەرۆکی حکومەتی
ماوەبەسەرچووی هەرێم بڵاویکردەوە، پارتی و یەکێتی کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکاندا
لەبارەی چەند پرسێک لێکتێگەیشتنی باش هەیە، گرنگترینیان هەردوولا رەزامەندییان نیشانداوە
لەسەر گۆڕانکارییە حکومییەکان.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی درێژەیان دەبێت.