دوای هێرشە موشەکییەکەی روسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا بە کیێڤی پایتەختیشەوە، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی بە سەرۆکی ئۆکرانیادا داوە کە سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو بداتە ئەو وڵاتە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ڤلۆدیمیر زیلینسکیدا گفتوگۆیان کردووە تاوەکو دڵنیایی بداتێ سەبارەت بە بەردەوام بوونی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی روسیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی.
کۆشکی سپی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیداوە
بەردەوام بێت لە دابینکردنی پێویستییەکانی ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لەوانەش
پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوو.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، جۆ بایدن بە ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی راگەیاندووە، ئەمەریکا
و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا.
جۆ بایدن ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی روسیا بە
بەرپرس دادەنێن لە تاوانەکانی جەنگ و کردەوەکانی، هەروەها یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن لە رووی
ئاسایش و ئابووری و مرۆییەوە.
تاوەکو ئێستا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە، ئەمەریکا بڕی زیاتر لە ١٦.٨ ملیار دۆلاری وەک یارمەتی
سەربازی بۆ ئۆکرانیا خەرخ کردووە. هەروەها، کۆمەڵێک سزای جۆراوجۆری ئابووری بەسەر روسیادا
سەپاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی روسیا هێرشێکی ئاسمانی گەورەی کردە سەر شارەکانی
ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە نیازە داوا لە رابەرانی وڵاتانی
کۆمەڵەی حەوت بکات بەپەلە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدەن بە ئۆکرانیا.
هاوکات، کریستین لامبرێخت وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە
چەند رۆژێکدا چوار سیستمی بەرگری ئاسمانی ئایریس تی ئێس
ئێڵ ئێم دەدات بە ئۆکرانیا.