بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٩٥ دۆلار و ٧١ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ بەشیوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ٩٠ دۆلار و ٥٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
راستەخۆ لەدوای راگەیاندراوەکەی رێکخراوی ئۆپیک لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی
بەرهەمهێنان، نرخی نەوت بەشێوەیکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئامانجی ئۆپیک پڵەسیش لەم بڕیارە
هێشتنەوەی نرخی نەوتە لە بەرزیدا، هاوکات کۆشکی سپی ئەمریکا بەم بڕیارە دڵخۆش نەبوو
بۆیە ناچاردەبێت نەوتی یەدەگی وڵاتەکەی بەکاربەرێت و داواش لە کۆمپانیاکانی وزەی ئەو
وڵاتە کراوە نرخی سووتەمەنی کەمبکەنەوە.
لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی
سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت
گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵ.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت
زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت
پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی
قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ
گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.