سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر داوای فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی رەوانەی هەرێم بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، سروە عەبدولواحید سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کردووە و کۆمەڵێک کێشەی هاوڵاتیانی هەرێمیان پێگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لەو کێشە سەرەکیانەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتووگۆیان لەبارەوە کردووە پرسی نەوتی سپی بووە و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی بە فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوە لەماوەی ١٠ بۆ ١٥ رۆژدا بڕی ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم بنێرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کۆبونەوەکەیاندا
لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمەڵێک داواکاری هاوڵاتییانی گەیاندە مستەفا کازمی کە بریتی بوون لە ناردنی نەوتی سپی و هەروەها
ناساندنی خاڵی سنوری کێلێ لە قەلادزێ و سازان لە هەڵەبجە.
باسی لەوەشکرد، مستەفا کازمی بەڵێنی بە نەوەی نوێداوە کە نەوتەکە بگەیەنێتە هەرێم و پێی راگەیاندوون کە ئاگاداری دۆخی هاوڵاتیانی هەرێمە لە زستاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ مستەفا کازمی باسی پرسەکانی نرخی بەنزین و کارەبا و خاڵە سنورییەکان گفتووگۆیان کردووە و کازمی پێی راگەیاندوون بەدواداچوون دەکەن و وەڵامی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەدەنەوە.
هاوکات باسی لەوەشکرد، مستەفا کازمی پێی وتوون بەردەوامبن لە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسانەی پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە.

