سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی قاهیرەی راگەیاند

PM:06:38:21/11/2025

812 جار خوێندراوەتەوە

دوای رەخنەی ئێران لە بڕیارەکەی دوێنێی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی نێوان خۆی و رافایل گرۆسی راگەیاند کە ١٠ـی ئەیلول لە قاهیرە واژۆکرا.


ئەمڕۆ هەینی ٢١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، رێککەوتنی قاهیرە بەهۆی هەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا کۆتایی هات و دەڵێت، ئەوان بەدوای درووستکردنی قەیرانێکی نوێدا نین بەڵام لایەنەکانی تر قەدری نیازپاکییان نازانن.

هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاری دەستەی بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم کە لە لایەن ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا پەسەندکرابوو بە نایاسایی و ناڕەوا زانی.

ئەمە دوای ئەوە هات کە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی داوا لە ئێران دەکات، زانیاریی درووست بدەن بە پشکنەرانی ئاژانسەکە سەبارەت بە رێژەی کۆکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و رێگە بدەن بچنە ناو شوێنە ئەتۆمییەکانیان.

تاران لە دوای شەڕی ئەم دواییەی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی پچڕاند، بەڵام لە ١٠ـی ئەیلولدا لەگەڵ ئاژانسەکە گەیشتنە رێککەوتن و لە قاهیرە واژۆکرا.

ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێت، بەپێی پێشبینییەکان، ئێران خاوەنی زیاتر لە ٤٤٠ کیلۆگرام یۆرانیۆم بووە کە پیتێنراوە و نزیکە لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی.













گەلەری