تراژیدیایی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو
PM:04:49:21/11/2025
496 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان محەمەد
+
-
لە کەناری تاریکی ئەم واقیعە ژەنگگرتووەدا، چیرۆکی تراژیدیایەکی
خنکاو دەنەخشێنرێت؛ لە لایەک، دەسەڵاتێکی چەقبەستوو کە لەسەر
تەختێکی لەرزۆک وەکو بتێکی شکاو بە هێزی ئاسن و چەک گیرساوەتەوە و لە لایەکی ترەوە،
ئۆپۆزسیۆنێک، کە لە نێوان چنگی گومان و قەفەسی شەرمنیدا، لەناو خولگەی داخراوی وەهمی
و بێدەنگییەکی سامناکی خۆسازان و سێبەری خۆ دووبارەکردنەوەدا هێزی هەڵسان و رێگای گۆڕانکاری لێونبووە.
کاتی ئەوە هاتووە بەرەی یەکگرتووی گۆڕانکاری، کۆتایی بە
قۆناغی لێڵی و لەرزۆکی سیاسی بێنێت، ئەو دۆخەی کە دەنگی توڕەی و هەقیقەتی تێدا کپ
کراوە. ئێستا کاتی سڵەمینەوە و نەرمی سیاسی نییە، بەڵکوو کاتی دەست خستنەسەر برینە
قوڵەکان و لێدانی راستەوخۆیە لە بێ پرەنسیپی ئەم واقیعە سیاسیە تاڵە.
سێ پرسیاری سەرەکی رووبەڕووی ئەو هێزەی ئۆپۆزسیۆن
دەکەینەوە کە نەیتوانیوە رکابەری دەسەڵاتێکی تاسەر ئێسقان پەلکوتراو بکات. دەبێت
بە راشکاوی دانی پێدابنێین: ئەو نەرمییەی ئەمڕۆ لە ئۆپۆزسیۆندا بەدی دەکرێت، هەرگیز
بە قەد توانای رکابەریکردنی دەستەڵاتێکی بێمنەت نییە کە تا سەر ئێسقان لە پارە و چەکدا
نقوم بووە و نزیکەی نیو سەدەیە تەواوی جومگە هەستیارەکانی وڵاتی داگیر کردووە.
یەک: دەستەڵاتی ئاسن و بێڕوانگەیی دەوڵەتداری:
دەستەڵاتێکمان هەیە، کە نەک تەنیا حوکم دەکات، بەڵکوو
تەواوی ژێرخان و سەرخان، هێزی ئەمنی، دادگە، و رێڕەوی یاسای خستووەتە خزمەت
مانەوەی حیزبی خۆی. ئامانجی دەستەڵات لەبری پرەنسیپە دیموکراسی و بەهاکانی
دەوڵەتداری، پاراستنی قەڵغانانەی حیزبەکەیەتی، ئەم هێزە داکوتراوانە، هیچ سازشێک ناکەن.
ڕوانگەی شکستخواردوو کاتێک هەست بە مەترسی دەکات، بە تۆپ، درۆن، هەمەڕ و باجەر هاونیشتمانیان
و رکابەرە سیاسییەکەی خەڵتانی خوێن دەکات، یان یاسا و دادگا بەکاردەهێنێت بە
دروستکردنی تۆمەت و کەیسی بێبنەما بۆ دەسگیرکردنی سەرۆک و سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و
رکابەرە سیاسیەکانیان. ئەمە دەستەڵاتێکی بنەمابڕە، کە لەپێناو مانەوەی خۆیدا، گوێ
بەهیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاساییشی گشتی نادات.
دوو: شکستەکانی دەستەڵات لە هەموو بوارەکاندا: بێڕوانگەیی
دەوڵەتداری لەکاتی خۆبەڕێوەبردنی سێ دەیەدا، لەبری پێشکەوتن، گەڕانەوە و
پاشاگەردانی بەدیهێناوە، کە دەبوو ئەمە ببێتە بەهێزترین چەک بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوە.
ئایا جگە لە چەند باڵاخانە، مۆڵ و بینای بەرز، لە چ بوارێکدا پێشکەوتووین و چ
شتێکیان پێشکەش کردووین، کە سیمایەکی ژیاری لێکەوتبێتەوە؟
ئایا تراژێدیا نییە، کە هێشتا تەندروستی و خزمەتگوزاریی
خەڵک، لەوپەڕی خاڵی سفڕەوە بێت و بۆ نەشتەرگەرییەکی ئاسان، بەهۆن نەبوونی
خزمەتگوزارییەوە، بۆ چارەسەر ڕوو لە دەرەوەی وڵات بکرێت و داهاتی ناوەوە ببردرێتە
دەرەوە؟ تا کەی دەبێت کۆنتڕۆڵی دەرمان و بواری پزیشکی لەوپەڕی شڵەژاویی و کەمتەرخەمیدابێت!
خوێندن و پەروەردە لە خوارەوەی ستانداردەکان و لە ریزی خراپترینەکانی دنیادابێت! بۆچی
زانکۆکانمان نەیانتوانیووە ببنە ناوەندی داهێنان و هزرین!
بۆچی نەبوونی روانگەی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە بواری
تەکنەلۆژیا و داهێناندا هێندە کز بێت، کە هیچ کڵاو رۆژانەیەکی تێدا بەدی نەکەین،
تا دزەتیشکێک بەر ئومێدمان بکەوێت! گەشت و گوزار سەرەڕای بوونی سرووشتی جوان،
کەرتەکە لەوپەڕی خراپیدایە و نەبووەتە سەرچاوەیەکی داهات! بۆ دەبێت هێزی ئەمنی و
سەربازی تا ئێستاش لەژێر دەستی دوو هێزی حیزبی دابێت، کە بۆ وەلائی حیزبی، کەسی و
ململانێی سیاسی بەکاربێت و نەبێتە سوپایەکی بەهێزی نیشتمانی!
ئیتر کەرتی تایبەت و بازرگانی کە کۆنتڕۆڵی حیزبین و دەستیان
بەسەرداگرتووە، نەبوونی دەرفەتی یەکسان و شەفافییەت لەلایەکی دیکەوە.
سێ: تراژێدیای ئۆپۆزسیۆنی کز و راستییە تاڵەکە، شکستی
مۆدێلی رکابەریی لە ئاستی جیهانیدا:
کاری رکابەریی و گۆڕانکاریی ئۆپۆزسیۆن لەهیچ کوێی دونیا
بەم شێوازە تەفروتونا و بێ یەکگرتنە ناکرێت. ئەگەر لە ماوەی دە ساڵ یان دوو دەیەدا
نەتوانیت بەتەواوی بگەی بە دەستەڵاتێکی خزمەتگوزار، یان نیوەی کورسییەکانی
پەرلەمان، یان ناچارکردنی دەستەڵات بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی، ئەوا دیارە کێشەکە لە
خودی ئۆپۆزسیۆندایە، بۆیە:
پێویستییەکە یەکگرتنە بەرەو بەرەیەکی گۆڕانکار: ئۆپۆزسیۆن
پێویستی بە بەرەیەکی یەکگرتووی سیاسی، بەرنامەیەکی جیاواز و باوەڕپێکراو هەیە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی
دەستەڵاتی خۆسەپێن.
پێداچوونەوەی ریشەیی: کێشە لە ئەدای کارکردن و پەیڕەوی
تەواوی جومگەکانە، کە پێویستی بە پێداچوونەوە و دووبارە داڕشتنەوەی بنەڕەتیی هەیە،
چونکە ئەو شێوازەی ئێستا تەواو شکستی خواردووە.
هەڵبژاردنی ناشایستە: حیزبەکان بەدوای کەسی
پرۆفیشناڵ، ژیر، لێهاتوو و بە ئەزمووندا نەگەڕاون، بەڵکوو بە کەس لاواز و ناشایستە
پەرلەمان پڕ و کپکرا.
بانگەوازێک کە داواکاریی هەرکەسێکە کە پەرۆشی نیشتمان
و دیموکراسی و ئازادیەبنەڕەتیەکان و شکۆمەندی گەل وگۆڕانکاریە ڕیشەییەکانە؛ شۆڕشی
تاکتیکیی پێویستە! بۆیە ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتییانە هەیە بۆ نەخشەڕێی
ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستاندا یان گۆڕانکاری یان مەرگی سیاسی، کە خۆسەپێنییەکەی
ئەمڕۆ یان ژی بەیانی، وڵات دەسڕێتەوە:
١- گۆڕینی فەلسەفەی راگەیاندن: (لە کزبوونەوە بۆ
تەقینەوە)، کە پێویستە ببێتە گڕکانێکی ورووژێنەر، بێپەروا و بەهێز، کە تەنیا
سەرقاڵی وردەکاریی نان و بژێوی بێبایەخ نەبێت. پێویستە پەیتا پەیتا پێکهاتەی
گەندەڵی و شکستهێنانەکانی دەستەڵات بورووژێنێت.
٢- فووکردن بە دەنگی تووڕەدا: کارکردن لەسەر دەنگی
زۆرینەی بێئومێد، مافخوراو و تووڕەکراو، کە سەدان هەزارن. بۆیە ئەم خاڵە پیویستە
ببەسترێتەوەش بە خاڵی یەکەم، کە پێویستە ڕاگەیاندنمان ببێتە گۆڕەپانی دەربڕینی ئەو
دەنگە مافخوراو و تووڕەیەی، کە دەنگیان قەتیسکراوە.
٣- جێگرەوەی راستینەی (حکوومەتی سێبەر): ئۆپۆزسیۆن
دەبێت هێزی ڕێکخراوی و بیرۆکەی ئەوەی هەبێت، کە دەتوانێت ببێتە حکوومەتێکی
جێگرەوەی شیاو، نەک تەنیا چاودێرێک، تا هێنانەوەی سەنگی پەرلەمان، بۆ ئەوەی چیتر
کەسی ناشایستە بەربژێر نەکرێت. پێویستە گەڕان بۆ کادیر و کەسی شیاو بکرێت، کە
باوەڕیان بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە.
٤- گواستنەوەی مەیدانی رووبەڕووبوونەوە؛ (لێدان لە
شکستی گەورە) لێدان لە دڵی دەستەڵات: پێویستە ئۆپۆزسیۆن خۆی سەرقاڵی پرسی لاوەکی
نەکات. دەبێت بوارەکانی سەرکوت، داگیرکاری یاسایی، پێشێلکردنی دیموکراسی و بنەما
نیشتمانییەکان بکاتە گۆڕەپانی سەرەکی ململانێکە هێڵی سوور دابنێت، هێڵی سووری
کردەیی وەگەڕبخات لەسەر ئەو دەستدرێژییە بێبنەمایانەی، کە دەستەڵات دەیکاتە سەر
کۆمەڵگە و یاسا.
بانگەوازی کۆتایی بۆ ئۆپۆزسیۆن! کاتی دەرچوونە لەم
قەفەسی شەرمنی، لەرزۆکی و نەرمییەی، کە دواجار وادەکات ئێوەش ببنە بەشێکی باجپێدەر
بە کۆمەڵ و نیشتمان، چونکە ئەم دەستەڵاتە بێبەزەیییە، جگە لە هێزی راستەقینە و
کاریگەر، ئیتر گوێ بەهیچ شتێک نادات، یان شۆڕش لە تاکتیکەکانتاندا بکەن و ببنە
جێگرەوەیەکی راستینە، سەرڕاست و یەکگرتوو، یان بۆ هەمیشە لە بازنەیەکی بەتاڵدا، وەک
پاشکۆیەکی قەتیسبوو بمێننەوە. گۆڕانکاری لە دەنگی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستینە
مەیسەردەبێت و جێدەگرێت نەک لە دەستەڵات!