سەردێڕ:

یەکێتی بە نایاسایی دەست بۆ بڕینی موچەی هەزاران پۆلیس دەبات

PM:11:22:28/03/2025

2992 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کەوتووە، بڕیارە سبەی، موچەی مانگی سێی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن دابەشبکرێت، بەڵام بڕیاردراوە هەر پۆلیسێک بڕی ٦٠ هەزار دیناری لێ ببڕدرێت.


ئەمڕۆ هەینی ٢٨ـی ئازارێ ٢٠٢٥، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئێن ئاڕ تی کەوتووە، پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لەم مانگەوە هەر پۆلیسێک بڕی ٦٠ هەزار لە موچەکانیان دەبڕدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە بە شێوەی زارەکی بە پۆلیسی پاسەوانی وتراوە بەبێ ئەوەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بابەتە بوونی هەبێت.

هەروەها، خواردنی رۆژانەی پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان لەسەر خۆیانە و هەمویان لەو بارەگایانە نان دەخۆن کە پاسەوانی دەکەن و بەڵام پێیان وتراوە ئەو ٦٠ هەزار دینارەی لێتان دەبڕدرێت، بۆ نانخواردنە و ئەمەش ناڕەزایەتی لەناو پۆلیسی پاسەوانییدا سەبارەت بەو بڕیارە دروستبووە و دەڵێن ئێمە کە خواردنی رۆژانەمان لەسەر حیزبەکانمانە، بۆچی دەبێت بە بڕیارێکی سەرپێیی و نایاسایی ٦٠ هەزار دینار لە موچەکانمان ببڕدرێت.

باسی لەوەشکرد، بەپێی زانیارییەکان، ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە بڕیارەکە حیزبییە و دەستی یەکێتی و بە دیاریکراویش قوباد تاڵەبانی لەپشتە و دەیەوێت بەو پارەیە، خواردنی پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان دابیبن بکرێت لەکاتێکدا پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان مانگانە بڕێک لە موچەکانیان بۆ هەمان مەبەست دەبڕدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ژمارەیان زیاتر لە حەوت هەزار کارمەندە و، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی گەورەی دروستکردووە و بەپێی زانیارییەکان، سەدان پۆلیسی پاسەوانی بڕیاریانداوە وەک ناڕەزایەتییەک سبەی موچە وەرنەگرن.













گەلەری