ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی کانوونی یەکەم؛ رۆژی ئاڵای کوردستانە، کە ساڵانی رابردوو لەمڕۆژەدا لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن یادی دەکرایەوە و لە دامودەزگاکانی دیکەشدا ئاڵا هەڵدەکرا، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان و نەبوونی دەوام لە بەشێکی قوتابخانە و خوێندنگە و فەرمانگەکاندا، نە ئاڵا هەڵدەکرێ و نە گۆرانی بۆ ئەو رۆژە دەوترێت.
لە ١٦ی ٤ی ساڵی ٢٠٠٤دا، پەرلەمانی کوردستان رۆژی ١٧ی ١٢ی وەکو رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکرد. پێشتر پەرلەمانی کوردستان ئەوەی راگەیاندووە، "ئاڵای کوردستان رەمزی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانی پێدانراوە."
ساڵانە لە
١٧ی ١٢دا، لە دامودەزگاکانی هەرێم ئاڵای کوردستان هەڵدەکرێت و لە خوێندنگەکانیشدا
خوێندکاران چەندین چالاکی بۆ بەرز راگرتنی ئەو رۆژە ئەنجامدەدەن.
ئەمساڵ بەهۆی
پێنەدانی مووچە و شایستە داراییەکانیان بەشێکی مامۆستایان و فەرمانبەران دەوام
ناکەن و لە چەندان قوتابخانەی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و
راپەڕین خوێندن ماوەی زیاتر لە سێ مانگە پەکی کەوتووە و حکومەتی کاربەڕێکەیش
بێباکە بەرامبەریان و هیچ هەنگاوێکی کرداریان بۆ چارەسەری کێشەکان نەگرتووەتەبەر.
هەر بۆیە
جیاواز لە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ لە زۆرینەی ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان،
نە ئاڵا هەڵدەکرێ و نە خوێندکاران جلی کوردی دەپۆشن و گۆرانی بۆ رۆژی ئاڵا دەڵێن،
نە هیچ چالاکییەکیش بەڕێوەدەبەن.
مێژووی رۆژی
ئاڵای کوردستان:
لە ١٧ی ١٢ی
ساڵی ١٩٤٥ی زاینیدا، کە بە ساڵی کوردی دەکاتە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٦٤٥، لە مەراسمێكدا و
بە ئامادەبوونی قازی محەمەد و چەند هاوکارێکی دیکەی لە پارچە جیاوازەکانی كوردستان
ئاڵای كوردستان لە مەهاباد بە فەرمی هەڵكرا، ئاڵاكە لە مەیدانی چوارچرا لەسەر شانی
كەریمی نازمی بە ئامادەبوونی چەندین کەس بەرەو باڵەخانەیەکی مەهاباد برا و لەسەر
باڵەخانەکە هەڵکرا، کە دواتریش ئاڵای کوردستان لە سەرجەم ئەو شار و شارۆچکانەدا
هەڵکرا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی شای ئەوکاتەی ئێراندا بوون.
ئاڵای
کوردستان:
لەبارەی
شێوەی ئاڵای کوردستانەوە د. قاسملۆ سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
نووسیویەتی، "ئاڵای كوردستان سێ رەنگ بوو، رەنگی سوور لە سەرەوە، رەنگی سپی
لە ناوەڕاست و رەنگی سەوز لە خوارەوە، هێمای كوردستان لە ناوەڕاستی ئاڵاكەدا بوو
كە بریتی بوو لە قەڵەمێك لە نێوان دوو گوڵە گەنمدا، قەڵەم بایەخدانی حزبی دیموكرات
و كۆماری كوردستان بە فەرهەنگ و زانستی دەنواند و گوڵە گەنمیش نیشانەی بەرهەم و
كار بوو، هەتاویش لە لای سەرەوەی ئارمەكە هەڵاتبوو كە سیمبولی ئازادی بوو."
دواتر لە
ساڵی ١٩٩٩دا پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد لە بارەی ئاڵای كوردستان و شێوازی
ئاڵاكە و مامەڵەكردن لەگەڵیدا بە یاسا رێكخست، کە تیایدا هاتبوو:
هەرێمی
كوردستانی عێراق ئاڵایەكی شێوە لاكێشەیی دەبێت، پانیەكەی سێ یەكی درێژیەكەی دەبێت
و بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانی دابەشكراوە، بەم شێوەیە:
یەکەم:لاكێشەی
سەرەوە رەنگی سوورە، هێمایە بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد.
دووەم:لاكێشەی
ناوەڕاست سپیە، هێمایە بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی و لێبوردەیی كە گەلی
كوردستان دەیەوێت.
سێیەم:لاكێشەی
خوارەوە رەنگی سەوزە، هێمایە بۆ كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستان.
چوارەم:لە
ناوەراستی لاكێشە سپیەكەدا خۆرێك هەیە رەنگی زەردە، دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی
رووبەری لاكێشەكە، ٢١ تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت، بەرزی تیشكەكان دەگاتە
ناوەڕاستی هەردوو لاكێشەی سوور و سەوز، خۆرەكە هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و
مەعریفە و هیوا و گەشبینی، ٢١ تیشكەكەش هێمایە بۆ بۆنەی نەتەوەیی نەورۆز، رۆژی
بەرەنگاربوونەوە و راپەرین و شۆڕش و رزگاری دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوە.