سەردێڕ:

کۆڵەکە ئابوورییەکەی عێراق وڵاتەکەی خستووەتە ریزبەندی یەکەمەکانی جیهانەوە

PM:09:01:12/12/2024

2108 جار خوێندراوەتەوە

عێراق خاکەکەی بە چەندین جۆر سامانی سروشتی دەوڵەمەندە بە تایبەت نەوت، کە بە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراق دادەنرێت و ئابووری وڵاتەکەی لەسەر بنیاد نراوە تا دێت زیاد دەکات.


بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی ڤیژواڵ کاپیتالیستی کەنەدی کە تایبەتە بە ئامارە ئابوورییە جۆراوجۆرەکان لە جیهاندا دەڵێت، عێراق لە پلەی نۆیەمی جیهان و لە پلەی دووەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە رووی سامانی سروشتییەوە، بە تایبەت نەوت و غاز و فۆسفات. ئەوەش بە جۆرێک یەدەگی نەوتەکەی بە ١٥٠ ملیار بەرمیل مەزندە دەکرێت و یەدەگی غازیشی بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ١٣٢ ترلیۆن پێ سێجا دادەنرێت، هاوکات یەدەگی فۆسفاتی بە ١٠ ملیار تۆن دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەمانای سەلامەتی ئابووری وڵاتەکە دادەنرێت.

بەوپێیەی بڕبڕەی ئابووری عێراق نەوتە کە لە ئێستادا لە بودجەی ساڵانەی ٨٨٪ پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت، کە لەکۆی گشتی داهاتی ئەمساڵی وڵاتەکە کە ١٤٧ ترلیۆن دینارە،  ١٢٠ ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتییە، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕی داهاتەکە ٣ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار زیادی کردووە و ئەوەش سەقامگیری زیاتری بۆ عێراق دروستکردووە.

جیا لەوانەش عێراق بۆ هەمەچەشن کردنی ئابووریەکەی دەیەوێت پشبەستنی بە سامانە سورشتییە کەمبکاتەوە و ئابووریەکەی بەرەو داهاتی نانەوتی بەرێت، کە لە ئێستادا داهاتی نانەوتیەکەی گەیشتووەتە ١٢٪، ئەوەش لە رێگەی برەودان بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و دروستکردن و کارکردن لە چەندین پڕۆژەی گەورە بە تایبەت بەندەری فاو و رێگەی گەشەپێدان کە داهاتێکی زۆر بۆ وڵاتەکە دەهێنێت.

 

 













گەلەری