رێکخراوی تەندروستی جیهانی تیمێکی پسپۆڕ جێگیر دەکات بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکی نوێ و هاوشێوەی ئەنفلۆنزا کە نزیکەی ٤٠٠ کەس لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ لە ئەفریقا تووشبوون.
لە بەیاننامەیەکدا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی " WHO" رایگەیاند کە شارەزایان و پسپۆران دەنێرێتە ناوچەکە بۆ پشتگیریکردنی دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەک کە تا ئێستا دەستنیشان نەکراوە هۆکارەکەی چییە بەڵام بووەتە هۆی گیانلەدەستانی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، کە لە ناوچەیەکی باشووری رۆژئاوا کۆنگۆ بڵاوبووەتەوە، پشکنینی تاقیگەیی بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی ئەنجام دەدرێت.
شارەزایانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی پەیوەندییان بە تیمی نیشتمانی وەڵامدانەوەی خێرا کردووە کە تیمەکە لە پزیشکانی پەتا، پزیشکانی کلینیکی، تەکنیکاری تاقیگە و پسپۆڕانی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی تووشبوون و پەیوەندیکردنی مەترسییەکان پێکدێت.
جێگەی باسە تیمێکی سەرەتایی ناوخۆیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆتایی مانگی یانزەوە هاوکاری بەرپرسانی تەندروستی لە ناوچەکە دەکەن بۆ بەهێزکردنی چاودێری نەخۆشییەکان و دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان.
هەروەها ئەو پسپۆڕانەی کە جێگیر کراون ئاماژەیان بەوە کردووە " لە پێشینەی ئێمە پێشکەشکردنی پشتگیرییەکی کاریگەرە بۆ خێزان و کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان، هەموو هەوڵەکان لە ئارادان بۆ دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە و تێگەیشتن لە شێوازەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و دڵنیابوون لە دۆزینەوەی چارەسەر"
دکتۆر ماتشیدیسۆ مۆیتی رایگەیاند " بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی گشتی، تا ئێستا ٤٠٠ حاڵەتی توشبوون و ٣٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە سەرئێشە، کۆکە، تا، کێشەی هەناسەدان و کەمخوێنی، بەڵام تا ئەنجامی پشکنینی تاقیگەیی بەدەست نەهێنرێت هۆکارەکەی ڕوون نییە."
رێکخراوی تەندروستی جیهانی زانیاری زیاتر سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ناسینەوەی نەخۆشییەکە بە زووترین کات بڵاودەکاتەوە.