سەردێڕ:

فەرماندەیی هەسەدە بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاندووە

PM:12:48:02/12/2024

8684 جار خوێندراوەتەوە

ئاڵۆزییەکانی سوریا تا دێت ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبێت و لە لایەک هێزەکانی سوریای دیموکرات بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاندووە و لەلایەکی تریشەوە دوو گروپی چەکدار لە عێراقەوە چوونەتە ئەو وڵاتە بۆ پاڵپشتیکردن لە سوپای سوریا.


چەند ڕۆژێکە سوریا جارێکی تر جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووەتەوە و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە ئەوەی لەو وڵاتە ڕوودەدات مەترسی بۆ سەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهان دروست دەکات.

دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەکدارییە هاوپەیمانەکانیان کە تورکیا پشتگیرییان دەکات دەستیان بەسەرشاری حەلەب و تەواوی پارێزگای ئیدلبدا گرت، ئێستا لە هەوڵدان دەست بەسەر گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکاندا بگرن و فەرماندەیی هەسەدەش بڕیاری چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاندووە.

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەكانی گروپە چەكدارەكان ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی خاکی سوریایە و بەو هۆیەشەوە  هێزەكانیان روبەڕوویان دەبنەوە باجەكەی هەر چەندە بێت، هەروەها  داوای چەكهەڵگرتنی گشتی کردووە بۆ راگرتنی پێشڕەوییەکانیان.

سەبارەت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی (تەل ڕەفعەت) لە باکوری شاری حەلەبیش، هەسەدە جەختیکردەوە، هێزەکانیان لەساڵی ٢٠١٨ وە لە تەل رەفعەت کشانەونەتەوە و ئەوانەی لەوێن هێزەکانی ئاوارەی عەفرینن و هێشتا بەردەوامن لە بەرگریکردن، وتیشی کشانەوەی هێزەکانیان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە حەلەب دوورە لە ڕاستیەوە.

هەرچۆنێک بێت پێشڕەوییە خێراکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا  پاڵی بە حکومەتی سوریاوە ناوە پەنا بۆ هاوپەیمانەکانی ببات ڕێگریی لە پێشڕەویی زیاتری چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بکەن، کە ئێستا لە باکوری شاری حەما گردبونەتەوە و پلان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دادەڕێژن.

لەو چوارچێوەیەدا عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لە دیمەشق، ڕووی لە تورکیا کرد تا لە ئەنقەرە نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی پێشهاتەکانی سوریا بە بەرپرسانی تورکیا رابگەیەنێت، کە ئەو وڵاتە بە بزوێنەری ئاڵۆزییەکانی ئێستای سوریا تۆمەتباردەکرێت.

هەرچی روسیاشە کە یەکەم لایەن بوو بە هانای حکومەتی دیمەشقەوە چوو، لە بۆردومانکردنی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە حەلەب و ئیدلب ناوچەکانی نزیک شاری حەما بەردەوامە.

هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، لە عێراقەوە دوو گروپی چەکدار کە ئێران پشتگیرییان دەکات چوونەتە خاکی سوریا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پاڵپشتیکردن لە ڕژێمی بەشار ئەسەد.

لەو نێوەندەشدا گێر بیدرسۆن نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا پابەندنەبوون بە چارەسەری ئاشتیانە هۆکاری هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانە لەو وڵاتە، وتیشی ئەو شەڕەی جارێکی تر لە سوریا سەریهەڵداتەوە ئاکامی مەترسیداری لەسەر ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی دەبێت.

 

 













گەلەری