سەردێڕ:

رووسیا و کۆریای باکوور پێکەوە بەرامبەر ئۆکرانیا و کۆریای باشوور وەستاون

PM:03:54:27/11/2024

1696 جار خوێندراوەتەوە

میدیا عەرەبیەکان بڵاویان کردەوە، دوای چەسپاندنی بەرچاوی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور کە بریتی بوو لە دابینکردنی چەک و سەدان سەرباز بۆ رووسیا ، ئۆکرانیا کاردانەوەی دەبێت


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی ١١ی ٢٠٢٤ ئاژانسی یۆنهاپی کۆریای باشوور رایگەیاند، بڕیارە شاندێکی ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتی ڕۆستەم عومارۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا سەردانی کۆریای باشوور بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل کۆببێتەوە باس لەدابینکردنی چەک بۆ کیێڤ بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێدەچێت شاندەکە زانیاری هەواڵگری سەبارەت بە جێگیرکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور لە رووسیا پێشکەش بکات، هەروەها داوای پشتیوانی لە سیئۆل بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا لە ئۆکرانیا کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکردووە.

باسی لەوەشکرد، کۆریای باکوور کارگەیەکی فراوانتر دەکات بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک کە رووسیا بەکاری دەهێنێت.

سیئۆل ئاماژەی بە ئەگەری هەموارکردنەوەی سیاسەتی خۆی لە پێنەدانی چەک بۆ هیچ لایەنێکی تێوەگلاو لە ململانێیەکدا کرد.

سەرۆکی کۆریای باشوور لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رایگەیاند، وڵاتەکەی کە بە یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی چەک دادەنرێت لە جیهاندا، ناردنی چەک رەت ناکاتەوە ئەگەری هەیە راستەوخۆ چەک بنێریت بۆ ئۆکرانیا.

وتیشی: ئێستا بەپێی ئاستی بەشداریکردنی کۆریای باکوور، وردە وردە ستراتیژی پشتیوانییەکانمان بە قۆناغ رێکدەخەین.

روونیشیکردەوە، کە ئەمە بەو مانایەیە کە ئەگەری ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا رەت ناکەینەوە.

هاوکات، دوای ناردنی هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی جەنگی رووسیا دژی ئۆکرانیا، ئۆکرانیا ناوەستێت و داوای هاوکاری لە کۆریای باشوور دەکات کە دوژمنی هاوسنوری کۆریای باکوورە.













گەلەری