سەردێڕ:

عەتوان عەتوانی: سەرژمێری پێوەرێکی گرنکە بۆ دابەشکردنی داهاتە داراییەکانی عێراق

AM:09:37:18/11/2024

1008 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند، سەرژمێری گشتی دانیشوان دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای پرۆسەی پلاندانان و پێوەری بنەڕەتیش دەبێت بۆ دابەشكردنی داهات و تەرخانكراوە داراییەكان بەسەر پارێزگاكاندا.


ئەمرۆ دووشەممە ١٨ـی١١ـی٢٠٢٤، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق، رایگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجامدەدرێت، دوای تێپەڕبونی ٣٧ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی دواین سەرژمێری گشتی، ئەوەش توانای پرۆسەی پلاندانان بەرزدەكاتەوە.

ئاماژەی بەوش کرد، سەركەوتنی پرۆسەی سەرژمێری دەرفەتی راستکردنەوەی سەرجەم پلانە خزمەتگوزارییەکانە لەگەڵ سەرجەم کەرتەکان کە پێویستیان بە داتای راست و ورد هەیە.

باسی لەوەش کرد، "سەرژمێری گشتی، ئەو پارێزگایانەمان بۆ دەستنیشان دەكات كە زۆرترین پێویستی بە یەكەی نیشتەجێبونە و زۆرترین رێژەی هەژاری و بێكاری و كەمترین ئاستی خزمەتگوزاری تێدایە، ئەمەش بۆ بەردەوام بوونە لە گەشەسەندن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت و لەو دوو رۆژەدا قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و تەنها کارمەندانی پۆلیس، ئاسایش، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، تیمەکانی تەندروستی، کارمەندانی تەکنیکیی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن، کارمەندانی ئێشکگری کۆمپانیای بواری نەوت و وزە، دەرمانخانەکانی ئێشکگر، رۆژنامەنووسان، نانەواخانە و سوپەرمارکێتەکان قەدەغەی هاتوچۆ نایان گرێتەوە.

هاوکات، گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکان بەردەوام دەبن و پێویستە گەشتیاران بلیتی فڕۆکەیان پێبێت تاوەکو بتوانن بچنە دەرەوە لە ماڵەکانیان.













گەلەری