سەردێڕ:

بەهۆی هەڵبژاردنەوەی ترەمپەوە؛ سامانی بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهان زیادی کردووە

PM:06:48:13/11/2024

972 جار خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بووە خێر و بەرەکەت بۆ دەوڵەمەندەکانی جیهان، بەجۆرێک تەنها لە یەک رۆژدا ١٠ لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان سامانەکەیان بە تێکڕا ٦٤ ملیار دۆلار زیادی کردووە.


دوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر ئابووریی تەواوی جیهان دروست کرد، بە گوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگیش، راستەوخۆ لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکە و بڵاوبوونەوەی ئەنجامە بەراییەکان، سامانی ١٠ لە دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان بە تێکڕا ٦٤ ملیار دۆلار زیادی کردووە.

یەکێک لەوانەی زۆرترین قازانجی لە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ کردووە، ئیلۆن مەسکی دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە کە خاوەندارێتی کۆمپانیاکانی تێسلا، سپەیس ئێکس و چەندین کۆمپانیای دیکە دەکات و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پاڵپشتێکی گەورەی ترەمپ بوو، لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ترەمپدا بەتەنها خۆی نزیکەی ٢٧ ملیار دۆلار لە سامانەکەی زیادی کردووە و لە ئێستادا سامانەکەی ٣١٩ ملیار دۆلارە.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی بلومبێرگ، یەکێکی دیکە لەوانەی سامانەکەی زیادی کردووە، جێف بێزۆسی دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهان و خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆنە، کە لەدوای هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بۆ سامانەکەی زیاد بووە. لاری ئیڵیسنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئۆرەکڵیش بە بڕی ١٠ ملیار دۆلار سامانەکەی زیادی کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی جیهان لەگەڵ هەڵبژاردنەوەی ترەمپدا دەوڵەمەندتر بوون، بەڵام بەشێکیان زیانیان پێگەیشتووە، یەکێک لەوانەش بێرنارد ئارنۆڵتی خاوەنی براندی لویی ڤیتۆنە کە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە سامانەکەی کەمی کردووە.

هەرچۆنێک بێت، هەڵبژاردنەوەی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی راستەوخۆ بکاتە سەر ئابووریی جیهان و ئەوەی پێشتر پێشبینی بۆ نەکراوە، رووبدات.













گەلەری