سەردێڕ:

ترەمپ و تیمەکەی سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتن

PM:02:39:10/11/2024

1056 جار خوێندراوەتەوە

ترەمپ و تیمەکەی سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و لەو چوارچێوەیەدا هەوڵەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئیدارەی نوێیەکەیان چڕکردووەتەوە، بەوتەی ترەمپ ئەو کەسانەی دیاری دەکرێن بەتوانا و کاریگەر دەبن.


ئامانجی یەکەم دۆناڵد ترەمپ بە گەیشتن بە دەسەڵات کۆتاییهات و ئێستاش بەڵێنی پێکهێنانی ئیدارەیەک دەدات بتوانێت ژیانی ئەمریکییەکان باشتر بکات وکەسانی بەتوانا و کاریگەر لەخۆبگرێت.

ئەو ئەرکە قورسەری چاوەڕێی ترەمپ و تیمەکەی دەکات، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پڕکردنەوەی پۆستە حکومییەکانە کە نزیکەی چوار هەزار پۆستە و بەشێکیان دەبێت رەزامەنی ئەنجومەنی پیرانی لەسەر بێت.

ترەمپ دوای هەڵبژاردنەکان و لە وتاری سەرکەوتندا وتی بە دروشمێکی سادە و ساکار حوکمی ئەمریکا دەکات، ئەویش جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە گەلی ئەمریکای دابوو.

ترەمپ دەڵێت کابینەی حکومەتەکەی لە کەسانی بەتوانا و کاریگەر پێکدەهێنێت، ئەوانەی ئەمریکییەکان رێزیان لێدەگرن و لەگەڵ ئیدارەکەی پێشوویدا جیاواز دەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا میدیاکانی ئەمریکا باس لە هەندێک کەسایەتی دەکەن کە رەنگە بەشداریی ترەمپ بکەن لە بڕیاردان، کە پێشبینی کردووە ئەو لایەنگرانەی بن کە بەتوندی پشتگیریی لە بیرۆکەکانی دەکەن.

لە یەکەم رێوشوێنیدا، ترەمپ (سوزی وایڵز) سەرۆکی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بۆ پۆستی سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی دیاریکرد، کە یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکا ئەو پۆستەی پێبدرێت.

هاوکات بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە دیارترین کاندید کە میدیاکان باسی دەکەن، هەردوو سیناتۆر (مارکۆ ڕۆبیۆ) و (بیل هاگرتی) ـن.

هەروەهاCBS Newsباسی لەوەکردووە، ئەگەر زۆرە (رۆبەرت کێنیدی جۆنیۆر) پۆستی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن ترەمپەوە پێببەخشرێت، کە بڕیاری داوە چاکسازیی لە کەرتی تەندروستیدا بکات و تێکردنی ماددەی فلۆراید لە ئاوی گشتیدا لاببات، کە بەوتەی ئەو چەندین کێشەی تەندروستی دروست دەکات کە یەکێکیان شێرپەنجەیە.

لە هەڵبژاردنی کەسایەتیەکیشدا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، چاودێران پێیان وایە ترەمپ ئەو کەسە هەڵدەبژێرێت کە بەڵێنەکانی بۆ جێبەجێبکات بە راگواستنی سەدان هەزار کۆچبەری نایاسایی و داخستنی سنوورەکانی باشووری ئەمریکا لەگەڵ مەکسیک، کە چاوەکانی ترەمپ لەسەر (تۆم هومان) بەڕێوەبەری ئیدارەی کۆچ و گومرگە لە ئیدارەی پێشوویدا.

لە لایەکی ترەوە میدیاکان باس لەوە دەکەن، (ستانلی وۆدوارد) نزیکترین کەسایەتیە بۆ پۆستی راوێژکاری کۆشکی سپی، کە لە پڕۆسەکانی دادگاییکردنی ترەمپ بەردەوام لەگەڵیدا بووە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت رەنگە ئیلۆن مەسک یەکەم ملیاردێری جیهان پێگەی حکومەی لە ئیداروی ترەمپ پێبدرێت کە ئەویش بەڕێوەبردنی رێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی خەرجیە فیدراڵییەکانە.

هەرچۆنێک بێت مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە و نیکی هایلی باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشێک نابن لە کابینە نوێیەکەی، کە پێشتر میدیاکان باسیان لەوە دەکرد رەنگە ترەمپ پۆستی وەزارەتی بەرگری بە مایک پۆمپیۆ ببەخشێت.















گەلەری