سەردێڕ:

"درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ دەنگدانە لەسەر ئەو یاسایانەی ناکۆکییان لەسەرە"

PM:11:26:09/11/2024

1392 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئامانج لە درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەسەر یاسا مشتومڕاوییەکان، یەکێک لەو یاسایانەش، یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا دەستیان بەسەردا گیراوە.


موختار موسەوی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق نزیکە لەوەی دەنگ لەسەر ئەو یاسایانە بدات کە مشتومڕیان لەسەرە و کۆتایی بەو پرسانە بێت.

باسی لەوەش کردووە، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی لەگەڵ یاسای خانەنشینی بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشێکی دیکەن لەو یاسایانەی کە مشتومڕیان لەسەرە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو یاسایانەی کە مشتومڕیان لەسەرە دەخرێنە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ تێدەپەڕێندرێن.













گەلەری