دەستەی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن ئۆکرانی کە بەهۆی جەنگەوە ئاوارەبوون، روویان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە.
دەستەی ئاماری یەکێتیی ئەوروپا ناسراو بە "یۆرۆستات" لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە،لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوەوە تاوەکو ئێستا چوار ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئۆکرانی کە بەهۆی جەنگەوە ئاوارەبوون، روویان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەڵمانیا لە پێشەنگی ئەو
وڵاتانەیە کە زۆرترین ئۆکرانی تێدا نیشتەجێیە بەشێوەیەکی کاتی و ژمارەیان
یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پەنابەرە، لەدوای ئەو پۆڵەندا بە دووەم وڵات دادەنرێت
بەوپێیەی ٩٨٠ هەزار ئۆکرانی تێدا نیشتەجێیە، هاوکات کۆماری چیک پلەی سێیەمی
ریزبەندییەکەی گرتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی روسیا و ئۆکرانیا نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامی هەیە و بۆ کۆتایی
هێنان بە جەنگەکە روسیا داوا دەکات سەرجەم ئەو خاکەی پێندرێت کە سەربازانی
وڵاتەکەی لە ماوەی جەنگدا دەستیان بەسەردا گرتووە و ئۆکرانیا پەشیمان ببێتەوە لە
بەئەندامبوون لە ناتۆ، لە وەڵامیشدا ئۆکرانیا دەڵێت، سازش لەسەر خاکی وڵاتەکەیان
ناکەن.
هاوکات، هەر بەهۆی جەنگەکەوە هەزاران کەس لە
هەردوو لا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوەی بە
هەزاران کەسیش ئاوارە بوون و روویان لە وڵاتانی دیکەی جیهان کردووە.