سەردێڕ:

جۆ بایدن: بە شێوەیەکی دیموکراسییانە کورسی دەسەڵات بۆ ترەمپ بەجێ دەهێڵم

PM:06:34:08/11/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

دوای شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، جۆ بایدن پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند، هەر وەک چۆن هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دیموکراسییانە بەڕێوەچوو، بەو شێوەیە کورسی دەسەڵات بۆ ترەمپ بەجێ دەهێڵێت و دەستاودەستی دەسەڵاتی لەگەڵدا دەکات.


دوای شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و راشیگەیاند، رێز لە بژاردەی گەلەکەی دەگرێت، هەروەک چۆن هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دیموکراسییانە بەڕێوەچوو، هەر بە شێوەیەکی دیموکراسییانە کورسی دەسەڵات بۆ ترەمپ بەجێ دەهێڵێت و دەستاودەستی دەسەڵاتی لەگەڵدا دەکات.

بایدن ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵبژاردن رکابەریی نێوان بیروبۆچوونە جیاوازەکانە و لە کۆتاییدا خەڵکی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە سەرکردەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن، دەشبێت تاکە ئامانج خزمەتکردنی خەڵک بێت، هەر بۆیە دۆناڵد ترەمپیشی بانگهێشتی کۆشکی سپی کردووە.

هەرچی کامالا هاریسی رکابەری ترەمپیشە کە لە هەڵبژاردنەکەدا شکستی هێنا، پیرۆزبایی لە ترەمپ کرد و وتیشی، ئەنجامەكان بەوشێوەیە نەبوون كە ئەوان خوازیاری بوون، بەڵام پێویستە لەسەریان قبوڵی بكەن و بەڵێنیشی داوە کە پشتیوانی ترەمپ و تیمەکەی بکات، ئەوەش وەک وەفادارییان بەرامبەر بە وڵاتەکەیان.

لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکاندا پڕۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە بەڕێوە دەچێت، ئەو کەسانەشی لە دەسەڵاتدا بوون بەوپەڕی سنگفراوانییەوە وەری دەگرن و هەزمی دەکەن، چونکە ئەو هەنگاوە گەشەسەندن دەکاتەوە بە بەری کۆمەڵگەدا و چەقبەستوویی تێک دەشکێنێت.

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەمریکاش، بەپێی سیاسەت و دەستووری وڵاتەکە، لە ٢٠ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوودا ترەمپ سوێندی یاسایی دەخوات و بە فەرمیی وەک ٤٧ـەمین سەرۆکی مێژووی وڵاتەکە، دەسەڵات دەگرێتە دەست.













گەلەری