سەردێڕ:

سودانی: بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان چەند هەنگاوێکی نوێ دەگرینە بەر

PM:04:57:08/11/2024

1500 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە ئامانجی فراوانکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان، چەند هەنگاوێکی نوێ دەگرنە بەر.


ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە بەردەوامن لە گرتنەبەری ئەو رێکارانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەشەی ئابووری و فراوانکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوایین هەنگاودا بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو رێچکەیە، بانکەکانیان راسپاردووە بۆ زیادکردنی لقەکانیان لە پارێزگاکان و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان تاوەکو خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن.

باسی لەوەش کرد، هەنگاوێکی دیکە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای سەردەمی و بەردەستبوونی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەشێوەی ئۆنلاین، بەوەش هاوڵاتیان دەتوانن بە ئاسانی سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکان.

ئەوەشی خستە روو، کارکردن لەسەر پێدانی قەرزی بانکی بەجۆرێک کە لەگەڵ پێویستی تاک و کۆمپانیا بچووکەکانیش بگونجێت، رێکخستنی کۆنفرانس و سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەرزی بانکەکان.

سودانی جەختی لەوەش کردەوە، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق بەگوێرەی پێویست یارمەتیدەر دەبن لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکان بەباشترین شێوە.













گەلەری