سەردێڕ:

پوتن بۆ ترەمپ: ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانمان

AM:09:41:08/11/2024

1376 جار خوێندراوەتەوە

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سەرۆكی روسیا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆكردن.


ڤلادمێر پوتنی سەرۆكی رووسیا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند، ئامادەن بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ترەمپ و گەڕانەوەی متمانە لەنێوان رووسیا و ئەوروپا.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێشوازیی لە هەوڵەكانی ترەمپ دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و رووسیا و كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا.

پێشتریش، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا پێشنیازێکی هەبێت بۆ ئەوەی بەبێ مەرج گفتوگۆ لەگەڵ روسیادا بکات، ئەوان ئامادەی گفتوگۆن.

ئەوەشی خستە روو، هەمیشە گفتوگۆ باشترە لە دورەپەرێز بوون و بچڕانی پەیوەندی، ئەگەر لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، واشنتۆن پێشنیازێک بکات بۆ گفتوگۆ روسیا ئامادەیە.

هاوکات، کۆشکی کریملن رایگەیاند، دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەپێی هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی مامەڵە لەگەڵ ترەمپ دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا ڕایگەیاندبوو، ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار دەکات و کۆتاییش بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا دەهێنێت. پێشتریش ترەمپ لە ماوەی سەرۆکاییەتییەکەی پێشوویدا، تا ڕادەیەک پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا ئاسایی کردبووەوە.













گەلەری