سەردێڕ:

ترەمپ جارێکی دیکە بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا؛ دەتوانێت بە تەنها بڕیارە گرنگەکان بدات؟

PM:04:31:06/11/2024

2932 جار خوێندراوەتەوە

گەیشتەوە بە خەونەکەی و جارێکی دیکە دەبێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئاخۆ دەتوانێت بەبێ بەربەست، پڕۆژە و پلانەکانی جێبەجێ بکات؟ ئەو هەڵبژاردنەی چاوی جیهانی لەسەر بوو کۆتایی هات و جارێکی دیکە دۆناڵد ترەمپ دەبێتەوە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین جەمسەرەکانی جیهان.


هەرچەندە وا دەردەکەوێت کە سەرجەم دەسەڵات و بڕیارە گرنگەکانی ئەمریکا لای سەرۆکی وڵاتەکە بێت، بەڵام هەر لە دانانی دادوەرە فیدراڵییەکان و دانانی بودجەی گشتی وڵاتەکە، تا رەتکردنەوەی بڕیارەکانی سەرۆک و لابردنی لە پۆستەکەشی، لە دەسەڵاتی کۆنگرێسی وڵاتەکەدایە.

کۆنگرێس لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکدێت و جیاوازن لە یەکتر، بوونی هەردوو بەشەکەش گرنگن و سەرەکین لە دانانی یاساکاندا و بەبێ یەکتری ناتوانن کارەکانی ئەمریکا ببەن بە ڕێوە، ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٤٣٥ ئەندام پێکدێت و ئەنجوومەنی پیرانیش ژمارەیان ١٠٠ ئەندامە.

لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران ئەنجام درا، بە گوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکانیش، پارتی کۆمارییەکان کە پارتەکەی دۆناڵد ترەمپە، زۆرینەی دەنگەکانی هەردوو ئەنجوومەنەکەی بەدەست هێناوە.

ئەوەی پێگەی کۆنگرێسی لە ئەمریکادا بەهێز کردووە، ئەو دەسەڵاتانەیە کە هەیەتی، بۆ نموونە، هەر پڕۆژەیاسایەک لەلایەن سەرۆکەوە پێشنیاز بکرێت، بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران دەتوانرێت هەڵبوەشێندرێنەوە، بەپێی دووەم بڕگەیماددەی یەکەمی دەستوری ئەمریکاش، ئەنجوومەنی نوێنەران خاوەنی تاکە دەسەڵاتە بۆ لابردنی سەرۆکی وڵات لە پۆستەکەی، هەرچی ئەنجوومەنی پیرانیشە، دەسەڵاتی دادگاییکردنی سەرۆکی هەیە، دەتوانێت بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان هەڵبوەشێنێتەوە و باڵیۆز و کونسوڵەکان بە پەسەندکردنی ئەنجوومەنی پیران دیاری دەکرێن.

لە ئێستاداشدا بە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرێس، دەتوانرێت ئەوە بوترێت کە دۆناڵد ترەمپ تەواوی دەسەڵاتەکانی ئەمریکای بۆ چەند ساڵی داهاتوو لایە و بەبێ دروستبوونی کێشە بۆی، بە پاڵپشتیی زۆرینەی دەنگی ئەندامانای کۆنگرێس، دەتوانێت دەسەڵاتەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکادا بەکار بهێنێت.













گەلەری