سەردێڕ:

ترەمپ: گەورەترین سەرکەوتنمان بەدەستهێنا و ئێستا ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکام

AM:10:40:06/11/2024

3196 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و جارێکی دیکە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا. دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، "گەورەترین سەرکەوتنمان بەدەستهێنا و ئێستا ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکام".


دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرکەوتووی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە یەکەم وتاری سەرکەوتنیدا لە فلۆریدا رایگەیاند، سوپاسی گەلی ئەمریکا دەکات کە جارێکی دیکە دەنگیان پێ دا و وەک سەرۆکی وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکەوتنێکی مێژووییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەدەستهێناوە و سەردەمی زێڕینی ئەمریکا دەست پێدەکات.

پێشتریش، ئاژانسی فۆکس نیوز بڵاویکردەوە، بەپێی کۆتا خەمڵاندنەکان، ترەمپ زۆرترین دەنگی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای بەدەستهێناوە و دەبێتە ٤٧ـەمین سەرۆکی ئەمریکا. 

هاوکات، لە هەڵبژاردنەکەدا جگە لە دەنگدان بۆ کۆمەڵگەی هەڵبژاردن، هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران دا، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش، پارتی کۆمارییەکان کە پارتەکەی ترەمپە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لەکۆی ١٠٠ کورسی ٥١ کورسی بەدەستهێناوە و بووەتە زۆرینە، بە هەمان شێوەش و لە ئەنجومەنی پیراندا، کۆمارییەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.

بەپێی سیاسەتی ئەمریکا، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و پەسەندکردنی کەسی براوە، ئاهەنگەکانی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە ٢٠ ـی مانگی یەکی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٤، لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٦ـە لە ئەمریکا، چوارەم کوڕی خانەوادەکەیەتی و فرێد ترەمپی باوکی یەکێک لە بازرگان و ملیاردێرەکانی ئەمریکایە.

لە ساڵی ١٩٦٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ئابووری لە زانکۆی پێنسیلڤانیا بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢١ وەک ٤٥ـەمین سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە، لەماوەی سەرۆکایەتیدا چەندین کاری ئەنجامداوە کە بەلای جیهانەوە ئەستەم بوو وەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور و گۆڕینی پایتەختی ئیسرائیل لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم و راگەیاندنی پەیماننامەی ئەبراهام کە رێکەوتنێکی ئاشتی بوو لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا.


 













گەلەری