سەردێڕ:

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا؛ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا یەکلایی دەکرێتەوە

PM:10:41:05/11/2024

4672 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، هەڵبژاردنی ئەمریکا کۆتایی پێدێت. بە گوێرەی راپرسییەکانیش، لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بە رێژەیەکی کەم لە پێش دۆناڵد ترەمپی کاندیدی کۆمارییەکانەوەیە.


تەنها چەند کاتژمێرێکی کەم ماوە و هەڵبژاردنی ئەمریکا کۆتایی پێدێت و دەرگای بنکەکانی دەنگدان بە رووی دەنگدەراندا دادەخرێن، چەند ویلایەتێکیش رایانگەیاندووە، راستەوخۆ دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاو دەکەنەوە.

هاوکات، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان لە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان کە هەریەکە لە ویلایەتەکانی پێنسەلڤینیا، ئۆریگۆن، جۆرجینیا، ویسکۆنسن، ئەریزۆنا، کارۆلاینای باکور و نیڤادا بە ڕێژەیەکی کەم لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بە جۆرێک، کامالا هاریس ٤٧.٧٪ـی دەنگەکان و دۆناڵد ترەمپ ٤٧.١٪ـی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا شکست بهێنێت، ئەوا ئەنجامەکان قبوڵ دەکات، لە بەرامبەریشدا کامالا هاریس وتی" بە گەشبینییەوە چاوەڕوانی ئەنجامەکان دەکەم".

لەلایەکی دیکەشەوە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، تا ئێستا نزیکەی ٩٠ ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە و دەنگیان داوە، چوونی هاوڵاتیانی وڵاتەکەش بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بەردەوامە.

لای خۆشییەوە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، داوا دەکات هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لەماڵەکانیان نەمێننەوە و بچن دەنگی خۆیان بەکاربهێنن و سەرۆکی چوارساڵی داهاتووی خۆیان دیاری بکەن.













گەلەری